وەزارەتی نەوتی عێراق داوای كۆبونەوەیەكی خێرا دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بە مەرجی ئەوەی دانوستانەكان لەچوارچێوەی هەمواری یاسای بودجەدا بن. دەشڵێت، ئاڵەنگاری سەرەكی بەردەم دانوستانەكان داواكارییە ناواقیعی و نایاساییەكانن. جەختیش دەكاتەوە كە گەیشتن بە رێككەوتنێك لە نزیكترین كاتدا زۆر گرنگە بۆ راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەڕێگای نایاسایی.
ئاوێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكور لە لێدوانێكدا بانگەشەی ئەوەی كردوە كە گوایە وەزارەتەكەمان نایەوێت دانوستان بكات لەبارەی چارەسەركردنی ئەو گرێبەستانەی لەنێوان كۆمپانیاكانی ئەپیكور و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كراون، وەزارەتی نەوتی عێراق بەداخە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم لێدوانە هەڵەو چەواشەكەرە.
جەختیشی كردۆتەوە كە وەزارەتەكەیان كاردەكات بۆ گەرەنتیكردنی جێبەجێكردنی دروستی هەمواری یاسای بودجە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە نزیكترین كاتدا.
وتوشیەتی، حكومەتی عێراق هەنگاوی كۆنكرێتی و جددی ناوە بۆ سەلماندنی نیەت باشی خۆی لە دانوستانەكاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەخێرایی و هەوڵی زۆریشی داوە بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی عێراق و جێبەجێكردنی چارەسەرە یاسایی و بەردەوامەكان.
وەزارەتی نەوتی عێراق وتوشیەتی، ئاڵەنگاری سەرەكی بەردەم دانوستانەكان ئەوەیە كە هەمو جارێك كە پێشكەوتنێك بەدی دێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی دیاریكراو، هەنگاوی نەرێنی دیكە دەنرێن و بە داواكارییە ناواقیعی و نایاساییەكان كۆسپ لەبەردەم بەرەوپێشچونی دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی دروست دەكرێت. وەزارەتەكەمان جەخت دەكاتەوە كە ئەم داواكارییانە خزمەت بە دانوستانی بونیادنەری دامەزراو لەسەر نیەت باشی، ناكەن.
هەروەها وەزارەتی نەوت وتوشیەتی، گەیشتن بە رێككەوتنێك لە نزیكترین كاتدا زۆر گرنگە بۆ راگرتنی فرۆشتنی نایاسایی نەوت و پاراستنی سامانی گەلی عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی سەرجەم لایەنەكان بەجۆرێك كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دەستەبەربكات، لەنێویشیاندا بەرژەوەندی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت، ئەوەش لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان و رێككەوتنە ئیمزاكراوەكاندا.
وەزارەتی نەوتی عێراق داوای كۆبونەوەیەكی بەپەلەی لایەنەكانی كێشەكەی كردوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بەمەرجی ئەوەی دانوستانەكان بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە بن و لەپێناو گەیشتن بن بە میكانیزمێكی كاركردنی رون كە مافی عێراق بپارێزێت و پابەندییەكانیشی بەرامبەر وەبەرهێنەران لەخۆبگرێت.