وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی ئیدارەی وڵاتەکەی پەنا بۆ "بژاردەی دیکە" دەبات ئەگەر ئێران ڕەتیبکاتەوە بچێتە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئاوێنە: تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له لێدوانێكدا ڕایگهیاند، "وەک دەزانین، سەرۆک ترەمپ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەڵام بەڕونی ئەوەشی خستەڕو کە سود له بژاردەی دیکە وەردەگرێت کە زۆر خراپ دەبێت بۆ ئێران ئەگەر ڕێژیمی ئێران ڕەتی بکاتەوە بگەنە ڕێککەوتن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "وەک سەرۆک ترهمپ وتی هەرگیز نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەو بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە کە ئەمریکا ڕێگە بەو شتە نادات".
ترهمپ هەڕەشەی سەپاندنی "گەمارۆی لاوەکی" بەسەر ئێراندا کرد ئەگەر دانوستانەکان بەرەوپێشچونیان نەبێت، هۆشداریدا کە کۆماری ئیسلامی ڕوبەڕوی "بۆردومانێک دهبێتهوه كه پێشتر نەیبینیوە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە تەواوی ڕەتبکاتەوە.
لایخۆیەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند، "باوەڕم بەوە نییە کە ئەمریکا ههڕهشهی له ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی بکات"، بەڵام هۆشداریدا لەوەی هەر هەوڵێکی ئەمریکی بۆ "هەڵگیرساندنی ململانێ" لە ئێران ڕوبەڕوی "کاردانەوەی توند دەبێتەوە".