بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی هێشتا كۆبونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ نەكردوە كە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابونی هەڵەبجە. لای خۆیانەوە فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبونەوەو بڕیاریاندا بەشداری هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان ناكەن ئەگەر كۆبونەوەی ئەمشەو لەسەر پارێزگابونی هەڵەبجە نەكرێت.
ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەشداربوی كۆبونەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەگەر کۆبونەوەی ئەمشەو(چوارشەممە) بۆ دەنگدان لەسەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە نەکرێت، بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق ناکەین تاکو دەنگ بەپارێزگانونی هەڵەبجە دەدرێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمە بڕیاری کۆبونەوەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەكانە.
بڕیاربو كۆبونەوەكەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق سەعات 8 دەستپێبكات، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی، دانیشتنەكە بۆ ماوەی نیو سەعات دواخراوە. ئەوەش لەكاتێكدایەكە هێشتا كۆبونەوەكە دەستی پێ نەكردوە.
دانیشتنەكەی پەرلەمان دوێنێ سێشەممە بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی بۆ ئەمڕۆ دواخرابو.