بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان رونكردنەوەیەكی لەبارەی تۆمارە دەنگییەكانی خاوەنی دەرمانخانەکانی سەروەران بڵاوكردەوەو دەڵێت، لە ساڵانی ڕابردو ئەو دەرمانخانەیە لەسەر دەرمانی قاچاخ و قەدەغەكراو بۆ ماوەی 8 مانگ داخراو دۆسیەی لێکۆڵینەوەكەی رەوانەی دادگا کرا و تائێستاش دۆسیەكەی لە دادگایە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئەمشەو چوارشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی،دوای بڵاوبونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی خاوەن دەرمانخانەیەکی شاری هەولێر لە سۆشیاڵ میدیا کە داوا لە کارمەندەکانی دەکات چارەسەرییەکان بگۆڕن لەگەڵ بونی چەند بەڵگەیەکی گۆڕینی جۆر و ژەمی چارەسەر و دەرمانی نەخۆش بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاسپاردەی پزیشکی چارەسەرکار، پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە، بڕیاردرا بەدانانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دیاردەیەو پاراستنی کاریگەری و سەلامەتی دەرمان لەسەر نەخۆش و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر ئەو سەرپێچییە.
بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان وتوشیەتی، لە ساڵانی ڕابردودا هەمان دەرمانخانە بۆ ماوەی 8 مانگ داخرا، بەهۆی سەرپێچی و بونی دەرمانی قاچاغ و نایاسایی و قەدەغەکراو و دۆسیەی لێکۆڵینەوەكەی هەواڵەی دادگا کرا و تائێستاش دۆسیەكەی لە دادگا بەردەوامە.