لەدوای دەستگیرکردنی دوو ژنە چالاکوانی کورد لە سنە بەهۆی بەشدارییان لە مەراسیمی ٨ـی ئادار، کاردانەوەی جەماوەری لێکەوتەوە، دواجار لە ژێر فشاردا ئەو دوو ژنە چالاکوانە بە شێوەی کاتی ئازاد کران، بەڵام دۆسییەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
ئاوێنە: ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ئازادکردنی دوو ژنە چالاکوانی کورد لە زیندانی سنە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو، دوو ژنە چالاکوانی کورد بە ناوەکانی لەیلا پاشایی و باران سەعیدی لە زیندانی سنە بە بارمتەی ٥٩٩ ملیۆن تمەن و لە ژێر فشاردا بەشێوەی کاتی ئازاد کران.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو ژنە چالاکوانە بە تۆمەتی “پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” دۆسییەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
باس لەوەشکراوە، ئەو دوو ژنە چالاکوانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە خرانە ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە ڕێکخستنی مەراسیمەکانی ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەکەیان بێبەش کرابوون.
جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی ٩ـی مانگی ئاداری ئەمساڵدا باران ساعیدی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سنە و لە هەمان مانگدا لە ڕۆژی ١٠ـی ئادار لەیلا پاشایی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە هۆی بەشداریکردنیان لە مەراسیمی ٨ـی ئادار بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کران و بۆ زیندانی سنە گوازرانەوە و بە تۆمەتی “کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی” تۆمەتبار کراون.