ئا: ئاوێنە
هەر رۆژەو ئیسرائیل داهێنانێکی نوێو تەکنەلۆجیایەکی نوێ بەکاردەهێنێت لەجەنگدا، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٥ کەس تیرۆر کراوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن ئیسرائیلو ئەمەریکاوە، کە کرمو مێروو بەکارهێنراوە لەتیرۆرکردنیاندا.
لەچەند رۆژی رابردوودا ٢٥ سەرکردەو فەرماندەی مەیدانی بەرەی "مقاوەمە"ی سەر بەئێران، لەغەزەوە تا لوبنانو عێراقو یەمەن لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.
لەغەززە، سوپای ئیسرائیل تیرۆرکردنی بیست فەرماندەو کەسایەتیی سیاسی پلە یەکو دووی حەماسی راگەیاندووە، دواهەمینیان ئیسماعیل بەرھوم بوو کە ئیسرائیل بەدواداچوونی بۆ کرد تا بەئامبولانس گەیشتە نەخۆشخانەی ناسر، پاشان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەیەکێک لەنهۆمەکانی نەخۆشخانەکەدا تیرۆرکردنەکەی ئەنجامدا.
لە لوبنان، ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی ڕابردوو تیرۆرکردنی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵا، ڕەزوان عەوازەی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر شوقەیەکی نهۆمی دەیەم لەناوەندی شاری سور لەباشوری لوبنان. ئەمە جگە لەوەی لە دوای ئاگربەستەوە ٣٨ ئۆتۆمبێل لەسەرانسەری لوبنان کراونەتە ئامانج.
لەوڵاتانی یەمەنو عێراقیش بەهەمانشێوە چەند سەرکردەیەکی حوسییەکانو داعش کرانە ئامانجو کوژران.
ئیسرایل چۆن ئەم هەموو زانیارییانە کۆدەکاتەوەو دەگاتە ئامانجەکانی؟
لەڕێگەی کرمو مێروەوە. دوای تەقاندنەوەی بیجەرو داهێنانی مێشی سیخوڕیی، موسادی ئیسرائیلی ئامێرێکی بچوکی وێنەگرتنو سیخوڕیی داهێناوەو بەکاردەهێنێت کە لەکرم دەچێتو دەیخاتە ماڵانو شوێنی نیشتەجێ بوونەوە، ئەم کرمانە دەتوانن پێشوەخت وێنەو زانیاریی بگوازنەوەو رێنمایی فڕؤکەی بێ فڕۆکەوان بکەن لەتیرۆرکردنی هەر کەسێکدا کە بیانەوێ، وەک ئەوەی سەرکردەیەکی حەماس لەچەند رۆژی رابردوودا لەناو خێمەیەکدا لەگەڵ هاوسەرەکەی کرایە ئامانجو تیرۆر کرا.
هەر رۆژەو ئیسرائیل داهێنانێکی نوێو تەکنەلۆجیایەکی نوێ بەکاردەهێنێت لەجەنگداو پێناچێت زنجیرەی شەڕو تیرۆرکردنەکانیشی بەرامبەر بەئێرانو بەرەی مقاوەمە بەم زووانە کۆتایی بێت.