ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، پەیامی نەورۆز زۆر رون بو، سەدان هەزار کەس داوای ئازادی ئۆجەلانیان كرد، ئیدی ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە، ڕۆژنامەنوس و لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی دیموکراسی هەن کە دەیانەوێت لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ئەنجام بدەن، پێویستە هەمو کەسێک بتوانێت دیدار ئەنجام بدات.
ئاوێنە: ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی پرسیاری ئەوەی كە ئایا وەفدی پارتەكەیان سەردانی ئیمراڵی دەكاتەوە، وتی، رەنگە دوای جەژن سەردان بكەن.
ئایشەگوڵ وتی"وتمان پێویستە مەرجەکان مسۆگەر بکرێن بۆ ئەوەی دەنگی بەڕێز ئۆجەلان ببیسترێت و قسەکانی بگاتە هەمو شوێنێک، بتوانێت بەدواداچون بۆ پێشهاتەکان بکات و بۆچونەکانی خۆی دەرببڕێت و بتوانرێت پەیوەندی لەگەڵیدا هەبێت."
ئاماژەی بەوەشدا"پەیامی نەورۆز زۆر ڕون بو. سەدان هەزار کەس داوای ئازادی بەڕێز ئۆجەلانیان کرد. ئەم بانگەوازەش ڕەنگدانەوەی حەسرەتی کۆمەڵگایە بۆ ئاشتی و دیموکراسی. دەکرێت ئەم ڕێگایە بکرێتەوە."
جەختیشی كردەوە"ئێمە دەزانین خاوەندارییەکی وەها بەهێز هەیە. ئێمە دەمانزانی بەڕێز ئۆجەلان ناونیشانی چارەسەرە. هەر بۆیە وتمان گۆشەگیری هەڵبگرن. دەمانگوت هەر خولەکێک گۆشەگیری بەردەوام دەبێت، زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانی هەمومان دەبێت."
وتەبێژی دەم پارتی وتیشی"ئیدی ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە، ڕۆژنامەنوس و لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی دیموکراسی هەن کە دەیانەوێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دیدار ئەنجام بدەن. ژنان و گەنجان و بنەماڵە و پارێزەران دەیانەوێت دیدار ئەنجام بدەن. پێویستە هەمو کەسێک بتوانێت دیدار ئەنجام بدات. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە بەڕێز ئۆجەلان دەستبەجێ لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە. ڕەنگە دوای جەژن شاندی ئیمراڵی دیدار ئەنجام بدات. پێویستە ئیدی ئەم ڕێگەیە بکەنەوە."