وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل “ھەڕەشەکانی ئێران”یان تاوتوێ کرد و واشنتۆن پشتیوانی بۆ تەلئەبیب دووپات دەکاتەوە.
ئاوێنە: مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕۆبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاھو “ھەڕەشەکانی ئێران” و دۆخی دەریای سووریان تاوتوێ کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەوە کرد و باسیش لەو ھەوڵانە کراوە کە بە ئامانجی ئازادکردنی دەستبەسەر کراوە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، خراونەتەگەڕ.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە.