به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی‌و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاشكرایكردوه، له‌دوو ڕۆژى داهاتودا ناوى 50 هه‌زار فه‌رمانبه‌رو خانه‌نشین بۆ وه‌رگرتنى زه‌وى ئاشكراده‌كرێت‌و بۆ سنورى شاره‌وانیه‌كانى خۆیان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه.
ئاوێنە: سەربەست مەولود سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی‌و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌پارتیه‌وه ئاشكرایكردوه، لەدوو ڕۆژی داهاتودا ناوی زیاتر لە50 هەزار فەرمانبەرو خانەنشین ڕەوانەی سنوری شارەواییەکانیان دەکرێتەوە، بەئامادەکردنی پارچە زەوییەکانیش، دەست بەدابەشکردنیان دەکرێت.
وتوشیه‌تى:"له‌چەند ڕۆژی داهاتودا ناوی زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەری دیکە دیاریدەکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی، بەتایبەتی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ‌و خانەنشینانی سەربازیی‌و شارستانی".
به‌وته‌ى سەربەست مەولود، لەپرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامن، ڕێکخستن‌و وردبینی ناوەکان کە تائێستا بۆیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ وەزارەتی شارەوانی، ڕۆژانە بەڕاسپاردەی وەزیری شارەوانی کە جه‌ختیكردوه‌ته‌وه زوو زوو لیستەکان ئامادە بکەن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوەی 10 ڕۆژدا بتوانن لیستی نوێ ئامادەبکەن تاوه‌كو زۆرترین فەرمانبەر سودمەندبێت لەوه‌رگرتنى زه‌وى.
ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "ئێستا ئێمە لیستێکمان بۆ هاتوەتەوەو ڕەزامەندیی لەسەردراوە کە زیاتر لە 54 هەزار ناوە، لەم ڕۆژانەدا ئەو ناوانە دەنێرین بۆ شارەوانییەکان بۆ ئەوەی به‌گوێره‌ى ئەو زەوییە تەرخانکراوانەی هەیە لەلای خۆیان، تیر‌و پشک بکەن‌و دابەشی بکەن".
ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه، "ئێستا لیستێکمان لایە زیاتر لە 35 هەزار ناوەو ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران‌و لەوێ ڕەزامەندی پێ وەربگرین، لیستەکە زیاتر لە 13 هەزار ناوی تایبەتە بەوەزارەتی ناوخۆ، بەشەکەی دیکەش خانەنشیانی شارستانی‌و سەربازیی تێدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ئه‌و وەزارەتانەشی کە کەموکوڕی لەفۆڕمەکانیان هەبوو، ئێستا ئەو کەموکوڕیانەش چارەسه‌رکراون، ئەوانیش دەنێرنە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر وەربگیرێت".