وەزیرى نەوتی عێراق ئاشکرایدەکات، هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و رێکخراوی ئۆپیکیان ئاگەدارکردووەتەوە، لەئێستادا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 290 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
ئاوێنە: حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتی عێراق لە دیمانەیەکی کەناڵی عێراقییەی فەرمییدا رایگەیاند "بەگوێرەى یاسای بودجە، بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە و رێکخراوی ئۆپیکیان لەوە ئاگەدارکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان لەکاتی ئێستادا رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت".
حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاند، وەزارەتەکەی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە.
ئەم گوتانەی وەزیرى نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، رێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.