مەسعود بارزانی: لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری كۆڵن، دەستێكی نائەمین هەوڵی نانەوەی ئاژاوەی دا
  2025-03-23       723       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربوان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت.

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، ئەمشەو یەكشەممە، لە پەیامێكدا وتی"جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا كرد."

ئاماژەی بەوەشداوە"بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست و شوێنكەوتوانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لەم گردبونەوەیەدا ئاماژەیەكی ڕونە بۆ توانا و زیندویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و سەلمێنەری ئەوەشە كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو ڕای گشتیی جیهانی."

مەسعود بارزانی وتوشیەتی"هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕوماڵكردن ویستیان پەیامی گردبونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربوان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبون سەركەوت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×