تونجەر باكیرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە نەورۆزی ئیستانبوڵ لەبارەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، رایگەیاند، ئێمە خاوەنداری لە ئیمام ئۆغڵو و هەمو ئەو هاوڕێیانە دەکەین کە لەگەڵی دەستبەسەرکراون، بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەرفەتێکە بۆ تورکیا. ئەم دەرفەتە بە پیلانی دادوەری و قەیومەکان تێک مەدەن.
ئاوێنە: تونجەر باكیرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە جەژنی نەورۆزی ئیستانبوڵ کە بەسەدان هەزار کەسی تێدا کۆبوەوە، ڕایگەیاند: "ئەم نەورۆزە گرنگییەکی مێژویی خۆی هەیە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە دژی ڕژێمی تاکڕەو و نکۆڵیکەر ڕێگەی ئاشتیی کردەوە."
وتیشی"بەڕێز ئۆجەلان دەرگای ئاشتی و دیموکراسی بەڕووی ئەم حکومەتەدا کردەوە. بانگەوازەکەی بەرێز ئۆجەلان ئێستا پەیوەندی بە 85 ملیۆن کەسەوە هەیە. لە بانگەوازی کۆمەڵگای دیموکراتیدا عەلەوی، ژن، گەنج، کرێکار، خانەنشین و بندەستان جێگە دەگرن. ئێمە بە هەمو توانامانەوە پشتگیری لەم بانگەوازە دەکەین."
جەختی لەوەشکردەوە کە ساڵی 2025 ساڵی دەبێت ساڵی گۆڕانکاری بێت و وتی: "لە تورکیا پێش هەمو شتێک دەبێت ئەوانەی وڵات بەڕێوەدەبەن بگۆڕدرێن. بە قەیوم، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن، کەس ناتوانێت دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا بگرێت و ناگاتە هیچ ئەنجامێک."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا تێکۆشان کۆتایی نەهاتوە. بە وتەی بەرێز ئۆجەلان ئەمە سەرەتایەکە. ئەم ڕێپێوانە بەردەوام دەبێت، تورکیا دەبێت واز لە سیاسەتی قەیومەکان بهێنێت."
جەختیشی كردەوە"نابێت کەس دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ بەرژوەندی سیاسی خۆی بەکاربهێنێت. بەڕێز ئیمام ئۆغڵو دەستبەسەر کراوە. ئێمە خاوەنداری لە ئیمام ئۆغڵو و هەمو ئەو هاوڕێیانە دەکەین کە لەگەڵی دەستبەسەرکراون، کەس ناتوانێت بە پیلانگێڕی و کودەتای دادوەری ئیرادەی هەڵبژێردراوی گەل زیندانی بکات. نابێت زیندانی بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەهۆی کودتای مەدەنیەوە زۆرترین زیانمان بەرکەوتوە. جارێکی تر دەمەوێت بڵێم ئێمە بە هۆی کودەتای مەدەنیەوە هاوڕیەکانمان سەڵاحەدینەکان، فیگەنەکان، لەیلاکان و عایشەکانمان زیندانی کران. بۆیە زیاتر لە هەر کەس ڕەخنە لەسیاسەتی کودەتا دەگرین، ئەم ڕێگایە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
هەروەها داوای لە حکومەت کرد ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرێت و دەسبەرداری زیانگەیاندن بە تورکیا بن. وتیشی، "هەروەها دەڵێم واز لە یاریکردن بە ئیرادەی گەل بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانتان بێنن."
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "داوا لە حکومەت دەکەم دەستبەرداری ئەم یاسا هەڵەیانە بێت کە لە ماوەی 10 ساڵدا جێبەجێی دەکات و ڕێز لە خواست و ئیرادەی خەڵک بگرێت. بانگەوازەکەی بەرێز ئۆجەلان دەرفەتێکە بۆ تورکیا. دەرفەتێکە بۆ بە دیموکراتیبون. بەرێز ئۆجەلان، بە بانگەوازی سەدەکەی، دەرگایەکی بەڕوی ئەم سیستەمە ڕزیو و تێکشکاوەدا کردۆتەوە. بۆیە ئێستا لێرەوە داوا لە حکومەت دەکەین. بانگەوازی سەدەی بەڕێز ئۆجەلان بە جددی وەربگرێت. ئەمە دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی دیموکراسی پێشبکەوێت. ئەم دەرفەتە بە فرتوفێڵی دادوەری، قەیوم، گوشار و بێدەنگکردنی لایەنی بەرامبەر تێک مەدەن."