بەرپرسێکی پارتی گەلی کۆماریی بە ئاڵای کوردستان دەڵێت پەڕۆ و ژووری پارێزەرانی وانی باکووری کوردستانیش دەڵێت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین.
ئاوێنە: مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، وەک ناڕەزاییەک دژ بە کاردانەوەی پۆلیس بەرامبەر بە خۆپیشاندانی ئەندامانی پارتەکەی، ڕەخنەی لە هێزە ئەمنییەکان گرت.
لە میانی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان ئاڵای کوردستان و دەم پارتی بەرزکرانەوە و لە شڕنەخیش پۆلیس پەشمەکی بەسەر منداڵانی بەشداربووی ئاهەنگەکەدا دابەشکرد.
مەنسور یاڤاش کە یەکێکە لە بەرپرسە دیارەکانی “جەهەپە” و لە دوای ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەهێزترین کەسە بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئاڵاکانی باکووری کوردستانی وت پەڕۆ و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا دوێنی لە ئیزمیر هەموو ناڕەزایەتییەک قەدەغەکرا، رێگە بە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتێک درا. بە هەمانشێوە دوێنێ لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی تورکیا بەبۆچوونی من هەندێک پەڕۆ دەشەکێندرانەوە. لە کاتێکدا پۆلیس لەوێ پەشمەکی بەو کەسانە دەدا کە بۆ ئاهەنگەکە دەچوون، ئەوە بۆ من مایەی قبوڵ نییە لێرە پۆلیس پەلاماری خۆپیشاندەران دەدات”.
لە بەرامبەریشدا ئەمڕۆ ژووری پارێزەرانی وان ڕایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو قسانەی کردوویەتی، لە داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ، سکاڵای یاسایی دژی مەنسور یاڤاش تۆماردەکەن و بێڕێزییەکانی ڕەتدەکەنەوە.