2025-03-23   360     
لەدادگای چاغلایانی ئیستانبوڵ لێپرسینەوە لەئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کۆتاییهات کە لە19ی ئادارەوە دەستبەسەرکراوە، لە کۆی ٩٢ کەس، تا ئێستا دادگا بڕیاری زیندانی کردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغلو و ٢٢ کەسی دیکە دەرکردوە.
ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئاداری 2025 لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی "تیرۆر"دا، هەریەک لەئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، ڕەسوڵ ئەمرا شاهان سەرۆکی شارەوانیی شیشلی، ماهیر پۆلات یاریدەدەری سکرتێری گشتیی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵو محەممەد عەلی چاڵیشکان بەڕێوەبەری پەیمانگهی چاکسازی بەتۆمەتی "هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار"، ڕەوانەی دادگا کران.
ئیمامئۆغڵو لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیدا بە"دامەزراندنی ڕێکخراوی تاوانکاریی"، گەندەڵکاری لەتەندەرەکانو وەرگرتنی بەرتیل"، تۆمەتبارکراو ڕەوانەی دادگای ئێشکگری سوڵح کراو داواکراوە زیندانی بکرێت.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراو لەتاوانەکان دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو تۆمەتنامەیەی بۆی ئامادەکراوە، ئیمامئۆغڵو، سەرکردەی ڕێکخراوەکەیەو گوایە ئەم ڕێکخراوە بازرگانان ناچاردەکات پارە بدەن، لەگەڵ هەندێک بازرگان کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی، کڕینو فرۆشتن لەڕێگەی کەسانی ساختەوە، سپیکردنەوەی پارەی بەدەستهاتوو لەتاوانەکان، هەروەها بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی کە بەبریکاری نهێنی ناودەبرێن، بۆ گواستنەوەو کۆکردنەوەی پارە.
لەلایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەی دوەم لەدژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد، ئەم بەدواداچونە باس لە"سازانی شارەکان" لەنێوان جەهەپەو دەم پارتی دەکاتو گوایە لەڕێگەی ئەمەوە "هاوکاری پەکەکە - کەجەکەی کردوە"و "هاوسۆزانی ئەو ڕێکخراوەی لەگەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دامەزراندوە".
شەوی ڕابردوش لەدادگای چاغلایان وتە لەئیمامئۆغڵوو 90 کەسی دیکە وەرگیراوه، بەئیمامئۆغڵوەوە داوای زیندانیکردنی 89 کەس دەکرێت.