پارێزگاری هەولێر، لە بارەی پرۆژەی ڕووناکییەوە ڕایگەیاند: بە پێی پلانەکە تا کۆتایی ئەم ساڵ تەواویی شاری هەولێر دەبێتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری. گوتیشی: پرۆژەی ڕووناکی دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ژینگە
ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی، وتی: ئێستا زیاتر لە 20 گەڕەک لە سەنتەری شاری هەولێر بوونەتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری، بەپێی پلانەکە تا کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی شاری هەولێر دەبێتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری.
ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا زیاتر لە 400 موەلیدە لە هەولێر کوژێنراونەتەوە، بە کۆتاییهاتنی پرۆژەکە هەزاران موەلیدە دەکوژێنرێنەوە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژینگە دەبێت، پاکی دەکاتەوە.
پارێزگاری هەولێر هەر لەبارەی پاکڕاگرتنی ژینگەوە دەڵێت: لەم ساڵەدا کۆنفرانسێکی زانستیی هەمەلایەنە لەسەر پرسی ژینگەی هەولێر بەڕێوە دەچێت، کە ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە دەبێتە نەخشەڕێگەی حکوومەت لە هەنگاوەکانی ئاییندە بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگەی هەولێر.
ئومێد خۆشناو، جەختی لەوە کردەوە، ئەوانەی دژی پرۆژەی ڕووناکین، دژی جوانی و پێشوەچوونەکانی نیشتمانن و ئێمە گوێیان لێ ناگرین.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.