پۆلیسی بەردەڕەش بڵاوی كردەوە، ئەمشەو لە گوندی گۆمێزەردی سەر بە شارەدێی دارەتوو شەڕ و پێكدادان لەنێوان دوو بنەماڵە ڕوویدا و هەشت كەس برینداربوون، لە سەر ئەو ڕووداوەش نۆ كەس دەستگیركران.
ئاوێنە: پۆلیسی بەردەڕەش سەبارەت بە ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی گوندی گۆمێزەردی و دەستگیركردنی چەند كەسێك ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا ھاتووە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە، كە لە سەر زەوی و زار بووە هەشت كەس بریندار بوون، كە دوو كەسیان بە فیشەك بریندار بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە ئاكرێ كراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای گەیشتنی پۆلیسی بەردەڕەش بۆ شوێنی ڕووداوكە نۆ تۆمەتبار لە هەردوولا دەستگیركران.
لە كۆتایدا ئەوەش خراوەتەڕوو، شەڕەكە كۆنترۆڵ كراوە و دۆسییەكەش لە بنكەی پۆلیسی دارتووە و لێكوڵینەوە لەوبارەوە بەردەوامە.