پێنج هاوڵاتی خەڵكی مەریوان لەسەر رێوڕەسمەكانی نەورۆز دەستگیركران
  2025-03-22       240       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، پێنج هاوڵاتی خەڵكی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر رێوڕەسمەكانی جەژنی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراون و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دوێنێ هەینی، لە پەیوەند بە رێوڕەسمەكانی جەژنی نەورۆزەوە لە سنوری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە هەریەكە لە ئارام نیکپەی تەمەن 38 ساڵ، محەمەد نیکپەی تەمەن 28 ساڵ، محەمەد ئەشتەک تەمەن 23 ساڵ، هەر سێکیان خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان، تەحسین دادڕەس بەندکراوی سیاسی پێشوی تەمەن 31 ساڵ و بیلال دادڕەس تەمەن 36 ساڵ، هەر دو خەڵکی گوندی"سەردۆش"ی مەریوان لە لایەن هێزە ئەمینییەکانی ئێران و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستگیركراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كە قسەی بۆ رێكخراوەكە كردوە دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتییانە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان بوە و سەرەڕای بەدواداچونی بنەماڵەکانیان ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە لەسەر چارەنوس و بارودۆخی ئەو هاوڵاتییانە خۆیان دەبوێرن.

هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە، تاوەكو ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو پێنج هاوڵاتییە کوردە و چارەنوس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×