پارە بۆ دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر بەقەرز دەدرێتە بەهاووڵاتیان
  2025-03-21       345       

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا، پێدانی قەرزی بانکی بۆ دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر کە ماڵان و پڕۆژە جیاوازەکان دەگرێتەوە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاوێنە: د. ئامانج مەحموود هەرکی، ئەندامی لیژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق و سەرپەرشتیاری دۆسیەی قەرزی بانکی بۆ کارەبای وزەی خۆر ڕایگەیاند: لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە هاووڵاتییان دەتوانن بچنە ئەو کۆمپانیایانەی دیاریکراون بۆ دابینکردنی کارەبای وزەی خۆر و دواتریش لە بانکەکانەوە بڕی قەرزەکە وەربگرن، ئەو پارەیەی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دیاریکراوە یەک ترلیۆن دینارە واتا 800 ملیۆن دۆلارە.

باسی لەوەشکرد: بڕی قەرزەکە بۆ ماڵان 30 ملیۆن دینارە و بە ماوەی پێنج ساڵ لێیان وەردەگیرێتەوە و بڕیارە ماوەکەی بکرێتە حەوت ساڵ.

دەشڵێت: “پڕۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی، نیشتەجێبوونی گەورە و خزمەتگوزاری یەک ملیار دینارییان پێ دەدرێت زیادە خستنەسەرەکەی زیاترە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “بڕی زیادە خستنەسەری قەرزەکە بۆ ماڵان کەمتر لە %3 دەبێت کە ئەمە تەنیا بۆ ڕێکاری بانکییە، لەو بڕە تەنیا سەدا یەک بۆ بانکی ناوەندی دەبێت”.

ئەوەشی وت: “هەر بانکێک لەلایەن بانکی ناوەندی ڕێگەپێدرانی هەبێت دەتوانێت بێتە ناو ئەو دەستپێشخەرییە”.

دەشڵێت: “کۆمپانیاکان دابەشی چوار ناوچە کراون لە عێراق، کۆمپانیاکانی باشوور، فوراتی ناوەڕاست، ناوەڕاست و کۆمپانیاکانی باکووری عێراق کە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باکووری عێراق دەگرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا: لە پارێزگاکانی باکووری عێراق هەشت کۆمپانیا دیاریکراون و چواریان لە هەرێمی کوردستانن، لە ئایندە 75 کۆمپانیای دیکە دێنە ناو پڕۆژەکە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×