نێچیرڤان بارزانی: پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەرفەتێكی مێژوییە و نابێت لەدەست بدرێت
  2025-03-21       174       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێكدا كە لە ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد خوێندرایەوە، رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، دەرفەت و هەنگاوێكی مێژوییەو دەبێت لە دەست نەدرێت. جەختیشی كردەوە كە بۆ ئەوەی ئاشتی سەربكەوێت هەرچی بكەوێتە سەرشانی ئێمە ئامادەین.

ئاوێنە: پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە نەورۆزی ئامەد لەلایەن دڵشاهد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەكەیدا وتویەتی"جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینە و هیوایەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروست بوە."

سەرۆكی هەرێم رایگەیاندوە، هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو هەمو هێز و لایەنەکان کە ماندوبوونیان بۆ ئاشتی هەیە، هەروەها هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان "زۆر بە رێز و پێزانینەوە هەڵدەسەنگێنم."

بەبڕوای سەرۆكی هەرێم، "پرۆسەی ئاشتی دەرفەت و هەنگاوێکی مێژووییە، دەبێت لەدەست نەدرێت و هەمو کەس بۆ سەرخستنی ئاشتی بە دڵ و گیان کار بکات."

نێچیرڤان بارزانی پێی وایە "گەلی کورد بە ئاشتی و پەرەپێدانی کولتوری پێکەوەژیان، دەتوانێت باشتر و زیاتر دەنگی خۆی بگەیەنێت و مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت."

جەختیشی كردۆتەوە "ئێمە دیسان لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتگیریی خۆمان بۆ ئاشتی و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە نیشان دەدەین. بۆ ئەوەی ئاشتی سەربکەوێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانمان و هەرچی لە ئێمە بێتە خواستن، ئێمە ئامادەین. سەرکەوتنی ئاشتی، سەرکەوتنی هەمومانە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×