مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێكدا كە لە ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد خوێندرایەوە، پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دوپاتكردەوەو رایگەیاند، هیوادارین لە كاتێكی نزیكدا ئۆجەلان ئازاد بكرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی لە ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد، پەیامی پیرۆزبایی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەلایەن سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەوە خوێندرایەوە.
مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا وتی"لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، بە شانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان دەكەینەوە، هەر لەو سۆنگەیشەوە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیاین."
سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەشدا "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت، ئاشتی، بە تاكە ڕێگەی ڕاست و دروستی تێپەڕاندنی كێشەكان دەزانین."
هەروەها وتیشی"هەر لەم بۆنەیەدا بەو هیوایەین كۆتایی بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سوریا بێت و كورد بە هەڵوێستێكی هاوبەش و بە ڕێكاری ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەكانی تری سوریا بگەنە ئەنجامێك كە لە خزمەتی هەمو لایەكدا بێت."