ژنانی دۆم شانبەشانی پیاوەکانیان کاریان کردووەو هەندێکجار لەپیاوەکانیشیان زیاتر کاریان کردووە
ئا: عەمار عەزیز
ژنانی دۆم یاخود "ھۆستا"، سەڕەرای سەختی ژیانیانو کۆچەریی بوونی ئەوانو خراپی بژێوی ژیانیان، بەڵام توانیویانە بەردەوامی بدەن بەژینو ژیاری خۆیان، ژنیکی دۆم دەڵێت "خەریکە قۆناغە سەختەکانی ژیانمان تێدەپەڕێنینو لەکۆچەریی دووردەکەوینەوە".
فەوزیە حسێن، تەمەن ٥٢ ساڵ، ژنێکی دۆمە لەکۆمەڵگای ئادار لەسنوری ناحیەی فایدەی سەر بەقەزای سێمێل، ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لەکۆنەوە ژنانی دۆم شانبەشانی پیاوەکانیان کاریان کردووەو هەندێکجار لەپیاوەکانیشیان زیاتر کاریان کردووە، ئەو بەئاوینەی وت "ژنانی دۆم زیاتر کاری دەستییان کردووە وەکۆ دروستکردنی لانکی منداڵان، پێداویستەکانی دروستکردنی نانی تیری وەک تیرۆک، پنەو کەوچکی تەختەو خانکو زۆر کەلوپەلی تر کە لەگەڵ پیاوەکانیان دەیانفرۆشت".
وتیشی "ئێستا دۆخەکە گوڕاوە کاری دەستی لەناو دۆمەکاندا ھەر ماوە، بەڵام زیاتر پیاوان دەیکەن، ژنان زیاتر سەرقاڵی ئامادەکردنی خواردنی رۆژانەو بەخێوکردنی منداڵن".
فەوزیە ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی دۆم سەختی ژیانیان زۆر بینیوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە خەریکە نیشتەجێ دەبنو لەکۆچبەرییو گەڕۆکی دووردەکەونەوە، ئەمەش دۆخی ژیانیانی باشتر کردووە".
فەوزیە بڕوانامەی شەشی سەرەتایی ھەیە، ٥ کوڕو ٢ کچی ھەیە، زۆر جار لەپاڵ ئامادەکردنی خواردن نەوەکانی فێری خوێندنو نوسین دەکات، ئەو وتی "کورێکی من لەزانکۆی زاخۆ دەخوێنێتو ئەوانەی تر لە قوناغەکانی تر دەخوێنن، بەگشتی کچانی دۆمیش چاوکراوەتر بوونو دەخوێنن، ژنانیش لەدروستکردنی خواردنی کوردیدا بەناوبانگن، بەتایبەت دیکلی کوردی، یاپراخ، خواردنی قەتەریو موسڵاویش دروست دەکەن".
دۆمەكان "ھۆستا" پێكهاتەیەكی سەرەكی كۆمەڵگەی كوردستانن، سەدان ساڵە وەک تیرەیەک کە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیانن لەسنوری کورستاندا دەژین، رەنگی پێستیان رەشتاڵەیەو بۆ دابین كردنی بژێویی ژیانیان، ژیانێكی كۆچەریو گەڕۆكیان هەبووەو لەدوای داگرتنی گوندەكانی كوردستانەوە لەسەردەمی بەعسدا، دۆمەكان روبەڕوی كێشە بونەوەو بەناچار لەچەند شارو شارۆچكەیەك نیشتەجێ بون.
لەساڵی ٢٠٠٦ سەنتەرێکی رۆشنبیری لەکۆمەڵگای ئادار بۆ دۆمەکانی دھۆک کراوەتەوە، سەنتەرەکە تایبەتە بەنەھێشتنی نەخوێندەواریو فێرکردنی کۆمەڵێک پیشەی وەک دورینی جلوبەرگ، فێربوونی زمانو کۆمپیوتەرو زۆر بواری تر تا ئێستا سەنتەرەکە بەردەوامە لەچالاکییەکانی.
کاژین نەزیر، کچێکی دۆمەو ئەندامی سەنتەری روشەنبیری کۆمەڵگای ئادارە، ئەو بەئاوێنەی وت "تا ئێستا سەنتەرەکەمان ١٢ خوڵی فێربوونی کۆمپیوتەری بۆ کچانو کوڕانی دۆم کردووەتەوە، جگە لەمەش خولی نەھێشتنی نەخوێندەواری زۆرمان کردوەتەوە، ئێستا زیاتر لە ٩٠٪ی دانیشتوانی کۆمەڵگای ئادار دەتوانن بخوێننەوەو بنوسن، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ ژنان کە پێشتر بەھەر ھۆکارێک بێت دەرفەتی ئەوەیان نەبوو بخوێنن، ھەروەھا ئێستا ٧ ژنی زۆر لێھاتوو زیرەکمان ھەیە بۆ دورینی جلوبەرگی کوردی".
وتیشی "ژیان بۆ ژنانی دۆم لەرابوردوودا زۆر قورسو ناخۆش بوو، لەلایەک دەبوایە لەگەڵ پیاوانی خۆی بەردەوام ئیشی بکردایە تا داھاتێک بۆ خۆیان دابین بکەن، لەلایەکی تر جێگیرو نیشتەجێ نەبوون، ھەر ماوە ماوە لەشوێنێک بوون، بەڵام ئێستا ژیانیان باشتر بووە بەراورد بەجاران".
دۆمەكان ئاستی خوێندەوارییان بەگشتی نزمە، لەناو ئەواندا هەر چەند ماڵێك كە پێكەوەن دەژین، ئەوان پێشتر بەپێی وەرزەکان کویستانو گەرمیانیان دەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧وە بەشێکیان لەکۆمەڵگەی ئاداری ناحیەی فایدە نیشتەجێ بوونو ئێستا زیاتر لەچوار ھەزار کەس دەبن .
زاھیر یونس، نوێنەری "دۆم"ە کانی ھەرێمی کوردستان، کە لەپارێزگای دھۆک دەژی، بەئاوێنەی وت "ئێستا ئێمە ٤ ھەزارو ٨٠٠ کەس لەسنوری پارێزگای دھۆک دەژین، کێشەی سەرەکیمان نەبوونی بنکەی تەندروستییە لەگەڵ خوێندنگای ناوەندیو دواناوەندی کە تا ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمە نەکراوەتەوە، ھەروەھا کوڵانەکانمان قیرتاوو کۆنکرێت نەکراون، بەزستانان بەدەست قوڕو چڵپاوەوە گیرۆدەینو بەھاوینیش تەپو تۆز دەمانخوات".
دۆمەکانی عێراق چەند ساڵێک لەمەوبەر لەناسنامەو بەڵگەنامە فەرمییەکان بێبەش بونو دواتر بەبڕیاری حکومەتی عێراق لەکۆتاییەکانی ٢٠١٩وە بڕیاردرا ناسنامەیان بۆ دەربکرێتو ئێستا دەتوانن وەک ھاوڵاتی عێراقی کارتی نیشتیمانی وەربگرن،
لەعێراق ژمارەیان دەگەنە ٢٠٠ ھەزارو بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٨ لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان گەیشتۆتە ٤٦ ھەزار کەس، زۆربەیان لەھەولێر دەژین، پاشان لەپارێزگای دھۆک، دۆمەكان كۆمەڵگەیەكی جیاوازن لەقەرەجەكان.
زاھیر یونس سەبارەت بەپێشکەوتنی کچانو ژنانی دۆم، وتی "وەکو ھەر ژنێکی تر ژنانی دۆم خزمەتێکی گەورەیان پێشکەش بەخێزانو کۆمەڵگاکەیان کردوە، کۆمەڵێک بەھرەی جوانیان ھەیە کە بەشێکیان لەرێگای بەھرەکانیان داھاتێکیان بۆ خۆیانو خێزانەکەیان دابین کردوە، بەشێک لەکچەکانیش لەقوناغی ئامادەییو زانکۆ دەخوێنن".
هەرچەندە كچانو ژنانی دۆم شان بەشانی پیاوان كاریان کردووە، بەڵام زۆرجار لەكاتی سوڕانەوەو گەڕان بەماڵاندا بۆ فاڵ گرتنەوەو بەخت خوێندنەوەو سواڵ کردن فریودراونو كەسیش لەمافەكانی نەپێچیونەتەوە.
لەبارەی سەختی ژیان لەناو ژنانی دۆمو کاری سواڵکردنیان، عابد ئەحمەد، ناسراو بە"عابد دهۆکی"، کە هونەرمەندێکی ناسراوی دۆمە، بەئاوێنەی وت "پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەم ژنانە سواڵ دەکەن؟! ژنانی "دۆم" حەز ناکەن ئەو ژیانە بەسەربەرن، بەڵام ئەوەندە پشتگۆێ خراون کە هەر ھیچ حسابیان بۆ ناکرێتو وەک هاوڵاتی پلە ١٠ سەیر دەکرێن، لەبەرئەوە بۆ پەیداکردنی بڕێک پارە سواڵ دەکەن".
عابد دھۆکی، کە نزیکەی ٤٠ ئەلبومی گۆرانی فلکۆری تۆمارکراوی ھەیە، ئێستاش سەر قاڵی چەند کارێکی ھونەری تازەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆمەکان خزمەتێكی گەورەیان بەهونەرو ئاوازو مۆسیقاو گۆرانی كوردی كردوە، پیشەی سەرەكیشیان گۆرانی وتن بوە، ئەو وتی "دۆمەکان بەپیاوو ژنیانەوە لەناو زۆرینەی خەڵكدا بەوە دەناسرێنەوە كە سەرقاڵی سەرگەرم كردنی خەڵك بون بەتایبەتی لەكاتی ئاهەنگو شاییو هەڵپەڕكێدا".
وتیشی "یەکەم ھونەرمەندی ژن کە لەکوردستان گۆرانی وتووە لەساڵی ١٩٠٢دا بووەو لەناو دۆمەکان بووە، دەنگی تۆمارکراوەو ماوە، ئێستاش لەسنوری دھۆک چوارو بۆ پێنج ھونەرمەندی ژنمان ھەیە، ھەروەھا تیمێکی موزیکی ژنانمان ھەیە کە "دۆمن" لەبۆنەکاندا چالاکی هونەریی ئەنجام دەدەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات