گەنجانی چەمچەماڵ‌و پێنجوێن زۆربەیان چەکدارن
  2025-03-22       1338       
چەک بووە بەھاوڕێم‌

   ئا: مەزهەر کەریم

 

بەشێکی زۆری گەنجانی قەزاکانی چەمـەماڵ‌و پێنجوێن بەکاری چەکدارییەوە خەریکن، زۆربەشیان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ بۆ "نەبوونی هەلی کار"، بەرپرسێکی ئیداری دەڵێت "لەقەزاکەیاندا هەموو ماڵێک چەکی تیایە".

 

"لەپێنجوێن تەنها چەکداریی شک دەبەین"

قەزای پێنجوێن لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای سلێمانییەو هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لەئێستاشدا گەنجان رێژەیەکی زۆری ئەو قەزایە پێکدەهێنن، بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی دەست ئاوێنە کەوتوون بەلایەنی کەمەوە زیاتر لەدوو هەزار گەنجی ئەو قەزایە بەکاری چەکدارییەوە خەریکن.

کەیوان عەتا، گەنجێکی  تەمەن ٢٥ ساڵی دانیشتوی پێنجوێنەو ئێستا هەوڵدەدات وەک هاوڕێ‌و خزم‌و کەسەکانی، فۆرمی پڕ کردوەتەوە بۆ ئەوەی ببێت بەپاسەوانی سنوورو موچەیەکی هەبێت، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆربەی پورزاو ئامۆزاکانم لەناو پێنجوندا ئاسایش‌و پۆلیس‌و پێشمەرگەو چەکدارن، لەبەرئەوەی هەلی کار بۆ ئەم ژمارە گەورەیەی قەزاکە نییەو دامەزراندنیش لەماوەکانی پێشوودا لەناو پاسەانی سنوورو ئاساتشدا ھەبووەو خەڵکیش واسیتەی بۆ کردووە بۆ ئەوەی وەربگیرێ".

وتیشی "لەگوندەکانیش ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان فۆڕمیان پڕکردۆتەوە ببنە پاسەوانی سنوور، چونکە حکومەتی عێراق لەکاتی خۆیدا موچەیان دەداتێ، ھۆکاری ئەمەش زۆری ژمارەی گەنج‌و بێکارییە کە زۆرینەیان خاوەنی بڕوانامەن‌ خوێندنیان تەواو کردووەو ئیشێکیان دەستناکەوێت".

قەزای پێنجوێن بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە کە مەرزی (باشماخ)ی تیا هەڵکەوتووەو ها،سنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران‌و بووەتە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بۆ ئەو ناوچەیە، بەڵام گەنجانی قەزاکە ئاماژە بەوە دەکەن مەرزەکە هەلی کاری بۆ ئەوان نەڕەخساندووەو کارکردنیشیان لەبوارەکانی (کشتوکاڵ‌و کرێکاری) داهاتێکی ئەوتۆی بۆ بژێویی ژیانیان دابین نەکردووە، بۆیە زۆربەیان بوونەتە چەکدار.

دلاوەری حاجی عوسمان، فەرماندەی سەربازی لەبارەی ژمارەی زۆری گەنجانی چەکدار لەکوردستان بەگشتی‌و لەپێنجوێن بەتایبەتی، کە خۆیی خەڵکی قەزای پێنجوێنە، بەئاوێنەی وت "ئەو گەنجانەی بۆ خۆژیاندن دەبنە چەکدار باش ناکەن، بەڵام ئەگەر بۆ ئینتمای نیشتمانی بێت زۆر باش دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە ئێستا گەنج ھەم بۆ خۆژیاندن‌و ھەمیش بۆ نیشتمان چەکی ھەڵگرتووەو چەک ھەڵدەگرێت".

وتیشی "بەڵام لەسەردەمی گەنجی ئێمەدا وەھا نەبوو، تەنیا بۆ بیرو باوەڕێک بوو کە بیرمان لەپارە نەدەکردەوە، بیرمان لەوە دەکردەوە چۆن رۆژێک زووتر رژێم مافەکانی گەلی کورد بدات، یان رژێم لەناوبچێت، ئێستا بیروباوەڕ کاڵ بۆتەوە".

لەبارەی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەگەنجی چەکداری پێنجوێنی لەدەور کۆبۆتەوە، دلاوەر وتی "ھەبوونی ئەو گەنجانە لەگەڵ مندا دەگەرێتەوە بۆ لایەنە کۆمەڵایەتیەکەو ئیشکردنم بۆ گەنج‌و تێکەڵیم لەگەڵ خەڵکی".

هەروەها قائیمقامی پێنجوێن، ھێمن ئیبراھیم رەحمان لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی گەنجان لەقەزاکە بوتەنە چەکدار بەئاوێنەی وت "ھۆکاری سەرەکی چەکداری لەناو گەنجاندا بۆ ئەوە دەگێڕمەوە دامەزراندن لەسنوورەکەدا نیە، ژمارەیەکی زۆر گەنجیش بڕوانامەی بەرزیان ھەیە، بەڵام دانامەزرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا و ماوەکانی ڕابردووش دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجان نەڕەخساوە بۆ دامەزراندن، ئەوەش ھۆکارێکە کە گەنجان پەنادەبەنە بەر کاری چەکداریی".

وتیشی "بەشێکی لەوانەشی وەک چەکدار دامەزراون لەسنوورەکەیان لەرێگەی واسیتەوە بووە، کە کەسێک بووەتە ئاسایش یان پاسەوانی سنوور پرس بەقائیمقام نەکراوە، وەک پۆلیسیش ماوەی دە ساڵ دەبێت یەک کەسیان دانەمەزاندووە کە ئەمە بۆ گەنجەکان لەو کاتەدا زۆر باش بووە، گەنجانێک ئارەزوویان کردووە ببنە پۆلیس وەرگیراون‌و دامەزراون یان بونەتە پاسەوانی سنوور".

 

"ماڵ نییە لەچەمچەماڵ چەکی تیا نەبێت"

چەمچەماڵ، قەزایەکە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی  ئەم قەزایە پێشتر سەر بەپارێزگای کەرکووک بوو، چەمچەماڵ یەکێکە لەشارۆچکە دێرینەکانی کوردستان‌و عێاق‌و جیهان، گوندی (چەرموو) لەنزیکی ئەم شارۆچکەیە هەڵکەوتووە کە بەیەکەم مەڵبەند دادەنرێت مرۆڤ کشتوکاڵی تێدا کردووە، بەڵام ئێستا زۆربەی گەنجەکانی‌و دانیشتوانەکەی پیشەیان چەکدارییە.

شڤان ئەحمەد، گەنجێکی چەکداری قەزای چەمچەماڵەو ئاماژە بەوە دەکات ماڵ نییە لەچەمچەماڵدا چەکی تیا نەبێت‌و زۆرجاریش شەوان گوێت لەدەنگی تەق‌و تۆق دەبێت، سەبارەت بەهۆکاری چەکداربوونی، بەئاوێنەی وت "لەمنداڵییەوە چەک لەماڵماندا ھەبووە، زۆربەی کات براو باوک‌و کەسەکانم کە کەسایەتی ناسراوی سنوورەکەن چەکیان بەکارھێناوە بۆ بەرگریی لەخۆیان، منیش بەوھۆیەوە ھەر لەمنداڵییەوە ئاشنابووم بەکاری چەکداریی‌و لەهێزێکی ئەمنیدا کارم کرد".

شڤان ھۆکارێکی دیکەی چەک ھەڵگرتنی بۆ بژێوی ژیانی گەراندەوەو وتی "ئەو ساڵانەی ھەوڵی دامەزراندنم دەدا کە پانزە ساڵ پێش ئێستا باس دەکەم دامەزراندن لەھێزە ئەمینەکان ھەبوو تا دابمەزرێم‌و بەھۆیەوە لەیەکێک لە ھێزە ئەمنیەکانی چەمچەماڵ دامەزرام، چەک بووە بەھاوڕێم‌و لەکاتی دەوام‌و پاشان لەماڵەوەو لە ئۆتۆمبیلەکەمدا چەک ھەیەو پێداویستیەکی ژیانمە".

چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە چەندین دەیەیە زۆربەی دانیشتوانەکەی بەکاری چەکدارییەوە خەریکن، چ لەسەردەمی پێش راپەڕینی کوردستان‌و چ لەسەردەمی دوای راپەڕینیش.

بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ، ھاوتا عەزیز لەبارەی دیاردەی زۆری چەکداری گەنجان بەئاوێنەی وت "ھۆکاری چەک ھەڵگرتنی گەنجان لەسنورەکەمان ئەوەیە کە بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، دواتریش ناوچەکەمان لەشەڕدا بووە، لەگەڵ ھێزەکانی عێراق‌و زۆرترین ھێزیی چەکدارو پێشمەرگە لەم سنوورەدا ھەبوون، بەردەوام خەڵکەکەی ترسیان ھەبووە لەخۆیان بۆ پارێزگاری لەخۆیان‌و بەرگی چەکیان بەکارھێناوە".

لەبارەی بوونی چەک لەزۆربەی هەرە زۆری ماڵەکانی چەمچەماڵدا، هاوتا "بەشێکی بۆ ئەو کلتورە دەگەڕێتەوە کە کەسوکاریان، باوک‌و مام‌و خاڵیتان چەکیان ھەبووە لەماڵدا، ھۆکارێکی دیکەشی سنوورەکە کەمتر ھەلی کاری تێدا بووە بۆ گەنجان، وەک کارگەو ھەلی کار بەھۆی ناجێگیریی باری ئەمنی لەکۆندا، ئەمەش ھۆکارێک بووەو حکومەت‌و لایەنی پەیوەندیداریش گەنجانێکی زۆری دامەزراندوە لەھێزەکانی ئاسایش‌و پێشمەرکەو پۆلیس‌و ئەمەش وایکردووە لەهەموو ماڵێکدا چەک هەبێت، بەڵام سەرابری ئەوەش خۆشبەختانە ئێستا لەیەکلاکرنەوەی کێشەکانیان گەنجان پەنا بۆ یاسا دەبەن‌و ماوەی دوو ساڵ دەبێت کەمتر یاساشکێنیمان ھەیە بەچەک لەلایەن گەنجانەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×