وەزیری رۆشنبیریی هەرێم: ئیدانەی رێگریكردن لە پەخشی كەناڵ8 دەكەین
  2025-03-20       543       

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم رایگەیاند، ئیدانەی رێگریكردن لە پەخشی كەناڵ8 دەكەن كە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی سەعات و نیوێك پەخشەكەی لە مانگی دەستكردی نایلسات و یاهسات و فەیسبوك راگیرا.

ئاوێنە: حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری لە پەیامێكدا وتوشیەتی"ئێمە ئەو جۆرە تەنگپێهەڵچنینە تەکنیکییە بە مەترسی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕاگەیاندن دەزانین و ئیدانەی هەر جۆرە سزایەکی سیاسیی لەو جۆرە بۆ سەر پەخشی میدیایی دەکەین."

پەخشی كەناڵەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بڵاوكردنەوەی چاوپێكەوتنێكی موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكەوە راگیرا.

وەزیری رۆشنبیری بەبێ ئاماژەدان بە هۆكاری راگرتنی پەخشی كەناڵەكە، وتویەتی، کەناڵ8، "کەناڵێکی مۆڵەتپێدراو و دەزگایەکی فەرمی میدیاییە لە هەرێمی کوردستاندا، هەر جۆرە ئاستەنگ دروستکردنێک بۆ پەخشەکەی، کارێکی دژ بە پرەنسیپەکانی ئازادی ڕادەربڕینە و ئیدانە کراوە."

دەقی پەیامەكەی وەزیری رۆشنبیری:

ئیدانەی ڕێگریکردن لە پەخشی کەناڵ8 دەکەین

ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک پەخشی کەناڵ 8 لە مانگی دەستکردی "نایلسات" و "یاهسات" و تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕاگیرا، ئێمە ئەو جۆرە تەنگپێهەڵچنینە تەکنیکییە بە مەترسی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕاگەیاندن دەزانین و ئیدانەی هەر جۆرە سزایەکی سیاسیی لەو جۆرە بۆ سەر پەخشی میدیایی دەکەین.

کەناڵ8 لە ڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی بەرنامەکانی لە (١٨ ی کانوونی دووەمی 2024) بەو پەڕی پیشەییبوون و هاوسەنگییەوە، کاری میدیایی خۆی دەکات. کەناڵێکی مۆڵەتپێدراو و دەزگایەکی فەرمی میدیاییە لە هەرێمی کوردستاندا، هەر جۆرە ئاستەنگ درووستکردنێک بۆ پەخشەکەی، کارێکی دژ بە پرەنسیپەکانی ئازادی ڕادەربڕینە و ئیدانەکراوە.

لە ماوەی کارکردنیشدا، کەناڵەکە سەلماندوویەتی، کە کەناڵێکی میدیایی پیشەییانە بووە، بایەخی بە دەنگ و ڕەنگی هەموو لایەنەکان داوە، ڕۆڵێکی ئەرێنی گێڕاوە لە زەمینەسازی بۆ پڕۆسەی ئاشتیی لە ناوچەکەدا و گواستنەوە و بەیەک گەیاندنی بیروڕا جیاوازەکان لەپێناو بنیاتنانی ئاشتیی و چارەسەری دیموکراتی بۆ دۆزی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.

حەمەی حەمەسەعید

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان

20ـی ئازاری 2025

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×