باخچەلی پێشنیاری كات و شوێنی بەستنی كۆنگرە بۆ پەكەكە دەكات
  2025-03-20       2635       

دەوڵەت پاخچەلی، سەرۆكی مەهەپە داوا لە پەكەكە دەكات رۆژی 4ی ئایاری ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای موش كۆنگرەی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوە ببەستێت و چەكەكانی رادەستی توركیا بكات.

ئاوێنە: دەوڵەت پاخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا بە بۆنەی نەورۆزەوە، وتی، دەبێت پەكەكە بەزویی كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدات و چەكەكانی دابنێت و رادەستی توركیایان بكات.

وتوشیەتی، بیرۆكەو پێشنیاری ئێمە ئەوەیە كە رۆژی 4ی ئایاری ئەمساڵ، پەكەكە كۆنگرەی خۆی لە ناوچەی ملازگر لە پارێزگای موش ببەستێت بە هاوكاری سەرۆكی شارەوانی لە دەم پارتی و سنورێك بۆ مشتومڕەكانی كۆتاییهێنان بەو ئەركە دابنێت.

باخچەلی لە پەیامەكەیدا هیچ ئاماژەیەكی بە پرسی كورد نەداوەو باسی لە ئامانجی توركیا لەوبارەیەوە كردوە كە بە قسەی ئەو بریتییە لە "توركیایەكی خاڵی لە تیرۆر."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە لە نوێترین لێدوانیدا وتی، بڕیاری چەكدادانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە پێویستی بە ئازادیی ئۆجەلانەو پێویستی بەوەیە كە توركیا لەناوخۆدا مافی ناسنامەی گەلی كورد بناسێت و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەوانە مەرجی ئەوان نین بەڵكو پێویستین بۆ بەرەوپێشچونی پڕۆسەی چارەسەر و جەهتیشی كردەوە كە ئێستا زەمینەی بەستنی كۆنگرەی پەكەكە بونی نییەو لێدوانەكانی دەوڵەتی توركیاش قسەی تێكدانن نەك چارەسەر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×