دوای ئەوەی پۆلیسی تورکیا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی دەستگیرکرد، شهوی ڕابردو ههزاران کەس لە بەردەم بارەگای پۆلیس لە ئیستانبوڵ گردبونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتداران گردبونەوەیان تا 23ی ئهم مانگه قەدەغەکرد، سەرۆکی جهههپه دهڵێت، "دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو کودەتایە و ئێمە تەسلیم نابین".
ئاوێنە: ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جهههپه) کە ئیمامئۆغڵو سەر بە پارتی گەلی کۆمارییە، ڕایگهیاند، "ئەوەی ڕویدا کودەتایەک بو بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتو، بەکارهێنانی هێز بو بۆ ئەوەی بڕیارێک بەناوی میللەتەوە بدات و ڕێگری لە مافی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بکات".
ئاماژهی بهوهشكردوه، هێزێک هەیە لە ئێستادا کاردەکات بۆ ئەوەی میللەت سەرۆکی داهاتوی خۆی دیاری بکات، "بە ئاماژەدان بە دەستگیرکردنەکە".
سهرۆكی جهههپه جەختیشی لەوەکردەوە کە حزبەکە لەبەردەم هەوڵی کودەتایەکدایە دژی سەرۆکی داهاتو و وتی، "گەلی ئێمە دەوڵەتەکەی خۆشدەوێت، بەڵام ئەگەر دەوڵەت لەلایەن هەندێک لایەنەوە لەدژی خەڵک دابنرێت، خەڵک ڕێگە بەوکارە نادات، ئێمە تەسلیم نابین، لە کۆتاییدا ئیرادەی گەل جێبەجێ دەبێت، تورکیاش سەردەکەوێت".
لە بەرامبەردا موراد ئۆنگون، ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانی ئیمامئۆغڵو لە پۆستێکدا لە تۆڕی كۆمهڵایهتی "X" ڕایگەیاند، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ کە بە بەهێزترین ڕکابەری ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری ئێستا دادەنرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتیدا، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بخاتەڕو، دەستبەسەركراوه.
دوێنێ چوارشەممە، دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بڕیاری دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو و ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنەکەی دەرکرد، لەگەڵ نزیکەی 100 کەسی دیکە، له دۆسیهی "تیرۆر" و ههروهها "گهندهڵی" تۆمهتباری كردن.