کەنەکە: پێویستە کاربکرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی هەڵەبجە
  2025-03-16       148       

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە ڕێزەوە شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، ئەرکی حکومەتی هەرێم و نوێنەر و کاربەدەستانی کوردە لە بەغدا، کە کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی بەپێی مادەی ١٣٢ دەستووری عێراق و یاسا بەرکارەکان بکەن.

ئاوێنە: کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی ٣٧ـەمین ساڵیادی مەرگەسات و کیمیابارانی هەڵەبجە بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی کەنەکە بەمشێوەیەیە:

“لە کەسێتی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالدا هەموو شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە

ئێمە هەرگیز هەڵەبجە لە یاد ناکەین

بەر لە ٣٧ ساڵ و لە ١٦ـی ئاداری ١٩٩٨ـدا، ڕژێمی عێراق کۆمەڵکوژییەکی گەورەی بە چەکی کیمیایی دژ بە خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە ئەنجام دا. لە لە ئاکامدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر ژیانیان لێسەندرایەوە و بە هەزارانیش بریندار بوون. بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی یەکێک لە زنجیرە تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو بۆ جینۆسیادکردنی کورد لە باشووری کوردستان. هەروەک لە پێشدا بە کیمیابارانی ناوچەکانی بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و قەرەداغ دەستی بە پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال بە مەبەستی قڕکردن و لەناوبردنی کورد و کوردستانیان کردبوو.

هەر لە سەرەتاوە کە ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی گرتەدەست، دەستی بە کۆمەڵکوژی و توانەوەی گەلی کورد کرد. دواتر کەوتە گیانی کوردانی فەیلی و بەهەزارانیان کوشت و بە دەیان هەزاریشیان دەربەدەر و بێ سەروشوێن کردن. هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەشت هەزار بارزانییان پێکەوە گرتن و کۆمەڵکوژیان کردن. لە پرۆسەکانی ئەنفالدا و لە ماوەی چوار ساڵدا لە هەموو باشووری کوردستان هەر لە گەرمیانەوە تا بادینان زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەسی بێتاوانیان ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کرد و کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵیان کردن. زیاتر لە چوار هەزار دێ و دێهاتی کوردستانیشیان خاپوور کرد.

بەڵام ئەوەی لە هەڵەبجە کردیان نموونەیەکی هەرە گەورەی تاوانەکانی سەدەی بیستەم بوو. لە ماوەی چەند خولەکێکدا پێنج هەزار کەس کۆمەڵکوژکران و هەزارانیش بریندار بوون. بۆیە هەڵەبجە بوو بە سیمبول و زامێکی قووڵ لە جەستەی گەلی کوردستاندا.

ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەڕێز و شکۆوە یادی ٣٧ ساڵەی قوربانییانی جینۆسایدی شاری هەڵەبجەی ناسنامەی قڕکردنی کورد و هەژێنەری ویژدانی مرۆڤایەتی بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز بۆ قوربانییەکان دادەنەوێنین و بەئومێدی ساڕێژی برینی بریندارەکانیین.

بەداخەوە، دوای چەندین ساڵ لە تەمەنی حکومەتی هەرێم و ٢٢ ساڵیش لە پرۆسەی ڕزگاریی و لە گۆڕنانی ڕژێمی بەعس، هێشتا زامەکانی هەڵەبجە ساڕێژ نەبوون و نەتوانراوە ئەو دەڤەرە وەک پێویست خزمەتی بکرێت و ژێرخانی ئابووری و سەرجەم پێداویستییەکانی بە پارێزگابوونی بۆ دابینبکرێت.

گەلی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی بۆوە، لێ مخابن ئەو تاوانانە تا ئێستاش لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا وەک جینۆساید نەناسراون. بێگومان هەوڵ و تەقەلای زۆر بۆ ئەو مەبەستە دراوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەر لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا ماون و نەبوونە کەیسێکی سیاسی.

بۆیە ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە ئەرکی حکومەتی هەرێم و نوێنەر و کاربەدەستانی کورد لە بەغدا دەزانین کە کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی بەپێی مادەی ١٣٢ دەستوری عێراق و یاسا بەرکارەکان بکەن و یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت و بوجەی پێوستی بۆ دابینبکرێت، هاوکات سەرجەم داواکارییەکانیان بە پیلان و بەرنامە جێبەجێبکەن و ئاوەدانی و پڕۆژە و بوژانەوە بخەنە شارەکەوە.

ئێستا، لەکاتێکدا یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی جینۆسایدی شاری هەڵەبجە دەکەینەوە، گەلەکەمان و ناوچەکە بە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕن، ئەمەش دەرفەت و مەترسیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بۆیە لە هەرکات زیاتر پێویستمان بەیەکڕیزی و داڕشتنی ستراتیژی نەتەوەیی و یەکێنی نەتەوەییە.

تراژیدیای هەڵەبجە لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە بوو بە ناسنامەی قەلاچۆکردنی کوردان. ئێمە هەرگیز هەڵەبجە لە یاد ناکەین،

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دی لە کەسێتی شەهیدانی هەڵبجە و ئەنفالدا، سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە، سەری ڕێز بۆ یادی ئەوان دائەنەوێنین.”

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-ك.ن.ك
15ی ئازاری 2025 برۆکسل


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×