ڕاوێژكارێكی سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاگاداركردەوە لەوەی جارێكی دیكە لێخۆشبوون لە سزاكانیان بۆ درێژناكانەوە سەبارەت بە كڕینی غازی سرووشتی ئێران، هاوكات داواشی لێكرد كێشە داراییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا چارەسەر بكات.
ئاوێنە: لە پەیوەندییەكەدا مارك واڵتز، ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگاداركردەوە، لەوەی ئەمریكا لێخۆشبوون لە سزاكان بۆ عێراق درێژناكاتەوە سەبارەت بە كڕینی غازی سرووشتی، كە بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردەهێنرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارەكە لە چوارچێوەی پەیڕەوكردنی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”دا دێت، كە ئیدارەكەی ترەمپ لە دژی ئێران پەیڕەوی دەكات.
هاوكات واڵتز ستایشی هەوڵەكانی عێراقی كرد، بۆ سەربەخۆبوون لە كەرتی وزەدا، داواشی لە سوودانی كرد بوار لە بەردەم كۆمپانیا ئەمریكییەكان بڕەخسێنێت، بۆ وەبەرهێنان لە هەردوو كەرتی نەوت و غاز و كاركردن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە داراییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەرجكردنی شایستەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان.
ڕاوێژكارەكەی سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی لە گرنگیی بنیادنانی پەیوەندییەكی ستراتیژی دوو لایەنە كردەوە، بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی هەمەلایەنە و پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەكان و پتەوكردنی هاریكاری ئابووری.
داواشی لە سوودانی كرد، كاری وەبەرهێنان بۆ هاریكاریی لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانە دەستنیشان بكات، كە خوازیارن لە عێراقدا كاربكەن.