دو سەرچاوەی سەربازی: ژمارەی چەکدارانی کورد لە نێو داعش زیادیکردوە
  2025-03-10       195       

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە پارێزگای کەرکوک جموجوڵیان هەیە ژمارەیەکیان کوردن و لەگەڵ چەکدارە عەرەبەکان لە چوارچێوەی مەفرەزەی گەڕۆکدا ڕێکخراونەتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتو، ده‌ڵێت، "چەکدارە کوردەکانی نێو داعش کوردی ئێران و کوردی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە".

 ئاوێنە: سەرچاوە باڵا سەربازییەکەی پارێزگای کەرکوک کە لە بەر هەستیاری پێگەکەی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه‌، "ناسنامەی 27 چەکداری داعش لە باشوری کەرکوک و 23 چەکدارتر لە ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتو، هەروەها 6 چەکداریش لەناوچەی غەڕەو پەڵکانە لای دەزگا ئەمنییەکان ڕونن".

 جەختکردنەوەی سەرچاوە سەربازییەکە لە ناسنامەو شوێنی چەکدارانی داعش لەکاتێکدایە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنەکانیان لەناوچەی غەڕەو پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتو چڕکردووەتەوە.

سەرچاوەکە دەڵێت، "لە کۆی ئەو 56 چەکدارەی ناسنامەیان لای دەزگا ئەمنییەکانە، گومان دەکرێت 11 چەکداریان کورد بن".

لایخۆیەوە، وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتو، بونی چەکداری کوردی لە نێو داعش پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، "چەکدارە کوردەکانی نێو داعش کوردی ئێران و کوردی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە".
  
ناوچەی وادی شای لە باشوری کەرکوک، ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین، ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری رۆژهەڵاتی خورماتو، هەروەها سنوری زنجیرە چیای حەمرین و گوندە دورە دەستەکان لە ئێستادا ئەو ناوچانەن بە پێگەی داعش دادەنرێن.

بۆ پاراستنی چەکدارەکانی لە هێرشی فڕۆکەو ئۆپەراسۆنی سەربازی لە دژیان، داعش لە ئێستادا چەکدارەکانی بۆ سەر مەفرەزەی گەڕۆکی بچوک بچوک دابەشکردوەو جموجۆڵی چەکدارەکانیشی سنوردار کردوە زیاتر لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلەوە ئەنجامی دەدەن.

بەرپرسێکی سەربازی کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین باسی له‌وه‌كردوه‌، "تێبینی زیادبونی چەکداری کوردمان لە ویلایەتی کەرکوکی داعش کردوە، بەشێک لەو چەکدارانە کوردی ئێرانن".

بەرپرسەکە دەڵێت، "یەکێک لە چەکدارە کوردە ئێرانییەکانی ویلایەتی کەرکوکی داعش بە ابوجابانی کوردی ناسراوە، ئەم چەکدارە شارەزای بواری دانانی بۆمبەو خۆشی قاچێکی بڕاوەو قاچی دەستکردنی بۆ دروستکراوە".
 
ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتو بەیەکێک لە پێگەکانی داعش لە عێراق دادەنرێت، ئەم ناوچەیە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین پێکەوە گرێ دەدات و لەلایەن داعشەوە کراوە بە شوێنی حەوانەوەو مەشقکردن و گواستنەوەی چەکدار لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر.

ڕۆژی 19ی مانگی شوباتی 2025، کاتێک ژمارەیەک شوانکارەی کورد سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان بون لە سنوری غەڕەو پەڵکانە، ژمارەیەک چەکداری داعش هەوڵی دەستگیرکردنی شوانکارەکانیان دا، بەڵام ڕوبەڕویان بونەوەو شەڕ دروستبو.

لە ئێستادا هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە ئەنجام دەدەن، هەرچەندە تا ئێستا توشی ڕوبەڕو بونەوە نەبون لەگەڵ چەکدارانی ئەو ڕێکخراوەدا، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو حەشارگەی چەکدارەکانیان تێکداوە.
  
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە دەڵێت، "ماوەیەک داعش جم و جۆڵی زۆری هەبوو لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان سنورداکردنی جوڵەی داعشە".

سەرباری ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم، فڕۆکە عێراقییەکان ناو بەناو چەکدارانی داعش بۆردومان دەکەن، کاتێک جموجۆڵیان دەبێت و دەیانەوێت پلانی هێرش بۆ سەر خاڵە سەربازییەکان جێبەجێ بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×