پارێزگاری هەڵەبجە دوای خانەنشینبونی لەمانگی یەکی ئەمساڵدا، بڕیاربوو کەسێک لەجێگەی دابنێرێت، بەڵام بەهۆی یەکلانەبونەوەی پۆستەکە بۆ کەسێکی دیکە، پارێزگارەکە گەڕاوەتەوە پۆستەکەییو کاروباری هاونیشمانیان بەڕێوەدەبات.
ئاوێنە: ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بهمیدیاى نزیك لهپارتى وتوه، "لەئەرکەکەم دەمێنمەوەو کاروباری هاوڵاتییان بەڕێوەدەبەم تاوەکو کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنەکەم، هەرکات کەسێک دیاریکرا منیش ماڵئاوایی دەکەم".
لە 26ى 1ى 2025 ئازاد تۆفیقو شاهین ڕەزای جێگری خانەنشینبون، هەروەها کاوە عەلی جێگرێکی دیکەی پارێزگاری هەڵەبجە بوو، بەهۆی بونی بەئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ڕابردودا، دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
لەناو ئەوکەسانەی ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەهێندرا، نوخشە ناسیح قائیمقامی ئێستای هەڵەبجە، شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانیو مەهاباد کامل سەرۆکی پێشوی زانکۆی هەڵەبجە هەبون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەهەڵەبجە باسى لهوهكردوه، ڕێکارەکانی بەپارێزگاربونی نوخشە ناسیح لەوەزارەتی ناوخۆ تەواوبونو ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ پەسندکردن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک لەجێگەی پارێزگاری ئێستا دانەنراوە.
پارێزگاری هەڵەبجە لەحکومەتی خۆجێیی ناوچەکە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، دوو جێگرەکەشی یەکێکیان لەبزوتنەوەی گۆڕانو ئەوی دیکەش یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان بوو.
هەڵەبجە، چوارەم پارێزگای هەرێمه، ناوەندەکەی کە قەزای هەڵەبجەیە، یەکێکە لەکۆنترین قەزاکان، لەسەردەمی عوسمانییەکانداو پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لەساڵی 1889 کراوەتە قەزاو وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قائیمقامی قەزاکە بوە.
ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە، پارێزگاکە لەدوو قەزاو سێ ناحیە پێکهاتوە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجەو قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆو سیروان