دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بانگهێشتی محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شامی بۆ بەغدا كرد، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، عێراقییەكان بە توندی وتەی تائیفی ڕەتدەكەنەوە، هەروەها جولانی دەستی لە كوشتنی عێراقییەكاندا هەیە، بۆیە هەر مامەڵەكردنێكیش لەگەڵ تیرۆریستان ڕەتدەكەینەوە.
ئاوێنە: قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارەت بە سەردانی محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شامی بۆ بەغدا و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی، بۆ میدیا ناوخۆییەكان ڕایگەیاند، عێراق هەمیشە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا دەگرێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەغدا لەسەر بنەمای داواكاری تایبەتی خۆی دواخرابوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق هەر جۆرە ئامادەبوونێك یان پەیوەندیكردنێك لەگەڵ ئەو كەسانە ڕەتدەكاتەوە، كە دەستیان لە تاوانەكانی دژی عێراقییەكان هەبووە، محەمەد جولانی بەشێك بووە لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، دەستەكانی بە خوێنی عێراقییەكان سوورە.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتی سەرجەم سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە مانگی ئایار لە بەغدا دەكەین، لەنێویشیاندا بانگی جۆلانی دەكەن.