شارەوانی سلێمانی: ناوی 50 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە بەڵام زەویمان نییە
  2025-02-21       311       

لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر ناوى بۆ وەرگرتنى زەوى گەڕاوەتەوە، بەڵام بۆ ئەو ژمارە زۆرەى فەرمانبەران زەوى پێویستمان لەبەردەست نییە.

ئاوێنە: لەمبارەیەوە میدیای یەكێتی نیشتیمانی لەزاری لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بڵاوی كردۆتەوە: ئێمە هەمو ئامادەسازییەكمان كردوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خێراتر بێت، بەڵام ئەم كارە پێویستی بە ستاف و پێویستی بە بودجە هەیە بۆ تەواوكردنی ئیفرازی زەوییەكان و هەروەها پێویستی بە هاوكاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان هەیە.

ناوبراو وتوشیەتی: هەریەكە لەو فەرمانگە پەیوەندیدارانە كە نوسراومان ئاڕاستە كردون لە ساڵی پارەوە، دەڵێن، فەرمانبەرمان نەماوە خانەنشین بون و دەوامی فەرمانبەر رێكوپێك نییە، ستافی پێویست و بودجەی پێویستمان نییە."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆیە بەڕاستی حكومەت هەر ئەوە نییە كە بڕیارەكە دەربكات و بڵێت زەوی ئەدەم بە فەرمانبەران، پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ دەركردنی بڕیارەكەدا پێداویستییەكانیش دابین بكات، بۆئەوەی كە بڕیارەكە هاتە خوارەوە زۆر بە ئاسانی جێبەجێ بكرێت.

ئەوەشی وتوە : ئێستا وەك ئەوەی ئاگادارین و بڵاوكراوەتەوە زیاتر لە 50 هەزار ناوی فەرمانبەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەركراوە كە سودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی، ئیمە ئێستا ئەم 50 هەزارە لەكوێ زەوییان بدەینێ.

رونیشیكردۆتەوە : شوێنی زەوییەكان تەنیا پێویستی بە بودجەو ستاف نییە بۆ ئیفرازكردن بەڵكو خزمەتگوزاریشی دەوێت، داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، ئەو زەوییانەی كە ئیفرازدەكرێن بەدەر لەوەی كە ستاف و بودجەی پێویستی دەوێت، لەگەڵ ئەوەش حكومەت دەبێت بیر لەوە بكاتەوە كە بودجەی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و  قیرو كۆنكرێتی كۆڵانەكان دابین بكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×