دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند؛ هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، رۆژئاوای كوردستان، کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و دەستگیرکردنەکان لە باکوری كوردستان، نیشاندەری ئەوەن کە ئاكەپە نایەوێت شەڕ ڕابگرێت. دەشڵێت، دواكەوتنی پەیامی ئۆجەلان هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە.
ئاوێنە: دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی پەکەکە لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی كەناڵی "مێدیا هەبەر"دا، رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، کۆمەڵکوژی ڕۆژنامەنوسان، دەستگیرکردن و زیندانی کردنەکان لە باکوری كوردستان نیشاندەری ئەوەن کە ئاکەپە نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.
وتیشی"پێویستە سەرەنج بدەین، زمانی هێرش بەکار دێنن، بیرکردنەوەکانیان هێرشبەرانەیە، کردارەکانیان هێرشبەرانەیە. هێرش دەکەن، تێکدەدەن و گەل دەستگیر دەکەن. گوشار پەیڕەو دەكەن، ئایا بەو شێوە دەبێت؟ پرۆسەکە بەو شێوەیە پێش ناکەوێت. ئەم هەڵوێست، تێڕوانین و سیاسەتانە لە بەردەم دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەبنە ئاستەنگ."
كاڵكان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتویەتی، تێکۆشان لە بەرانبەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی دەستگیركردنی ئۆجەلان، گۆڕاوە. ئەم تێکۆشانە لە 27ەمین ساڵدا هێندەی تر بەهێزتر، فراوانتر و قوڵتر دەبێت. دەمانەوێت لە 27ـەمین ساڵدا ئەنجام بەدەست بهێنین. تێکۆشانی 27ـەمین ساڵ، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت. ئەمەش ئامانجمانە. بێگومان دەبێت مەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و کار بکەین. ئەمە ئامانجی ئێمەیە لە 27 ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی.
وتوشیەتی"مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و تێکشکاندنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی زۆر نزیکە. لە 27ەمین ساڵییدا تێکۆشانێکی کاریگەر و بەرفران دەکەین، بێگومان سەردەکەوین."
هەروەك لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكانیدا دۆران كاڵكان لەبارەی دواكەوتنی پەیامی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە، وتی"لە مانگی تشرینی دوەمدا هەندێک زانیاری بڵاوکرانەوە. ئێمەش بەدواداچونمان بۆ بابەتەکە کرد. لە ڕاستیدا هەندێک لایەن بەئاشکرا قسەیان کرد و ڕایانگەیاند کە ئەو راگەیەندراوە لە 15ی شوباتدا دەدرێت. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرفراوان بانگەشەی بۆ کرا. بەڵام 15ی شوبات تێپەڕی و هیچ بەیاننامەیەکی لەو شێوەیە رانەگەیەندرا. بۆچی وا ڕویدا ئێمەیش نازانین، هەوڵ دەدەین تێبگەین."
هەر لەو بارەیەوە جەختی كردۆتەوە "ئەوەی ئێمە دەیزانین و دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە. هیچ بەربەست و دواخستنێک لە لایەن بزوتنەوەکەمانەوە نەبوە. لە داهاتودا لە هۆکاری ئەم دواکەوتنە تێدەگەین. بەڵام ئەگەر بەڵێن بدەن و لە کۆتاییدا ئەنجامێکی بەم شێوەیە ڕوبدات دروست نییە. نەدەبو وەها ڕوی بدایە."
وتوشیەتی"لە لایەکی دیکەوە هەڤاڵانمان سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردبو، بەیاننامەیان بڵاو کردەوە. لەسەر پرۆسەکە لەلایەن هەڤاڵ جومعە و هەڤاڵ هێلین لێدوان درا. بەڕاستی پێشتر هیچ زانیارییەکمان لەسەر پرۆسەکە نەبو. پێشتر وتمان هیچ زانیارییەکمان لەو بارەیەوە نییە. بەڵام لەم دواییانەدا لە ڕێگەی دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئێمەش ئاگاداربوینەوە. ڕێبەر ئاپۆ نامەیەکی ناردوە. هەڤاڵان ئەمەیان بەڕونی باسکردوە. ئەوەی ئێمە تێگەیشتین ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەڕونی و بە ئیرادەوە لە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیایە لەسەر بنەمای ئازادی، گۆڕان و گۆڕانکاری دەوڵەت و کۆمەڵگای تورکیا لەڕوی سیاسییەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمەش بەبڕیارین. بزوتنەوەکەمان زۆر جار لەو بارەوە لێدوانی داوە، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی پیلانگێڕییەوە، هەمو ناوەند و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەکەمان لێدوانیان داوە و هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کردوە. هەروەها پەکەکە لەم بارەیەوە لێدوانی دا و بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە چۆن سەیری پرۆسەکە دەکات و چۆن لێی نزیک دەبێتەوە و هەڵوێستی چییە. ئێمە هەمیشە دەڵێین تا ئێستا بەگوێرەی بڕیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ نزیکی دۆخەکە بوینەتەوە و بە دڵنیاییەوە لەمەودواش ئەم هەڵوێستەمان بەردەوام دەبێت. هەندێک کەس قسەی بێمانا دەکەن، زۆرن ئەو کەسانە. نابێت کەس گوێ لەم لێدوانانە بگرێت چونکە هەڵەن. ئێمە بە بڕیارین. دەتوانم ئەمە بڵێم، هەندێک لایەنی دژبەر هەن دەیانەوێت ئاستەنگی دروست بکەن. هەرچییەک بکەن و هەرچەند هەوڵ بدەن، ئازادی کورد مسۆگەر دەبێت و تورکیاش بەرەو دیموکراسی دەچێت. ئەوانەی دەیانەوێت لەمبارەوە ڕێگر بن لە هەوڵی ئەوەدان ناکۆکی و شەڕ له نێوان گەلی کورد و تورک دروست بکەن و بەمشێوەیە قازانج دەبینن، بەڵام شکست دەهێنن."