شارەزایەكی بواری كەشناسی زانیاریی نوێ لە بارەی ئەو شەپۆلی بەفرو باران و سەرمایەوە دەخاتەڕو كە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوەو وادەی كۆتاییهاتنی شەپۆلەكەش رادەگەیەنێت.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا شەپۆلەكەی بە یەكەم و كۆتا شەپۆلی سەرماو سۆڵەی بەهێزی زستانی ئەمساڵ داناوە.
ئاراس جەبار، لە سبەی شەمەوە 22/2/2025 شەپۆلەکەی جەمسەری باکور رودەکاتە ناوچەکانمان و ھەوایەکی زۆر ساردی لەگەڵ ئەبێت بەھۆیەوە پلەکانی گەرما 3 تا 5 پلەی دیکە نزمدەبنەوە بەڵام شەپۆلی بەفر بارینەکە زیاتر لاوازبوە بەجۆرێ لەناوچە شاخاوییەکانیش ئەو بەفرەی زۆرەی چاوەڕوان دەکرا کەمبوەتەوە بۆ 2 تا 15 سەنتیمەتر و بۆ سەنتەری پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان تەنیا کاریگەری شەپۆلی سەرماکە ئەیگرێتەوە لەگەڵ ئەگەری لاوازی نمە باران لەھەندێک کاتدا.
وتوشیەتی، لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران و راپەرین لەماوەی سبەی و دو سبەی ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت بەرێژەی 2 تا 6 سەنتیمەتر و ئەگەری زیادبون و کەمبونی رێژەکە ھەیە ، لەسەنتەری پارێزگای ھەڵەبجە و دەوروبەری ئەگەری بارانی مامناوەند وپچڕپچڕ ئەبێت.
ئەو شارەزایە ئاشكراشیكردوە كە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23/2/2025 کاریگەری شەپۆلەکە لەسەرجەم ناوچەکان کۆتایی دێت، بەڵام بەھۆی مانەوەی بارستە ھەوا ساردەکە بەشێوەی وشکە سەرما پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە بەتایبەت لەرۆژانی 24 و 25 و 26ی مانگ لەناوچە شاخاوییەکان بەگشتی لەکاتەکانی رۆژشیدا پلەی گەرمی لەژێر سفرەوە ئەبێت و لەشەوانیشدا 8 تا 13 پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە بەردەوام پلەی گەرمی لە ئاستی بەستن و بەستەڵەکدا ئەبێت.
وتوشیەتی، لەسەنتەری شارەکانی سلێمانی ھەڵەبجە و ھەولێر و دھۆک و سۆران و راپەرین لەشەوان و کاتەکانی بەرەبەیاندا پلەكانی گەرما 3 تا 6 پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوەو لەکاتەکانی رۆژدا بەرزدەبنەوە بۆ 4 تا 6 پلەی سەدی، لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان و تا ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق پلەكانی گەرمی لەشەواندا بۆ سفر تا 2 پلە ژێر سفر نزمدەبنەوە.
ئاراس جەبار هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە رۆژی پێنجشەممە 27/2/2025ەوە کاریگەری ئەو شەپۆلە سەرمایە وردە وردە لەسەر ناوچەکانمان دوردەکەوێتەوە و لە سەرەتای مانگی ئایندە کۆتایی بە کاریگەرییەکانی دێت و پلەکانی گەرما بەرزبونەوە بەخۆیانەوە دەبیننەوەز تا ماوەیەکی نادیارو زۆر، پێشبینی ھاتنی شەپۆلی بارانبارین بۆ ناوچەکانمان ناکرێت.