وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق لە نوسراوێکدا دەڵێت: لەبەر ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاریداوە "دان نەنێت بە هەندێک لە زانکۆکانی ئێمەدا، ئەوا ئێمەش بڕیارمان دا چی دیکە مامەڵە لەگەڵ زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستاندا نەکەین."
ئاوێنە: لە نوسراوێکدا کە رۆژی 15ـی 1ـی 2025، واتە مانگێک لەمەوبەر دەرکراوە و واژۆی د. حەیدەر عەبدولزەهد، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق/بۆ کاروباری زانستی پێوەیە و ئاراستەی نووسینگەی ئەمینداری گشتی سەرۆک وەزیران کراوە، هاتووە: لەپاش ئەوەی داواکاریی کرابوو بۆ راگرتنی بڕیاری دان پێدانەنانی زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن خوێندنی باڵای عیراقەوە، دەمانەوێت وەڵامتان بدەینەوە بەوەی: یەکەم، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دەرچووە کە، هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە دان بە بڕوانامەی هەریەک لە زانکۆکانی (جەعفەر سادق، قەڵەم، کیتاب، حەدبا و نوور) لە سنووری کەرکووک و موسڵ نەنێت، لە کاتێکدا ئەم زانکۆیانە بەدەرن لە سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکەیان هیچ پاساوێکی یاسایی نییە.
دووەم: لە لایەن نووسینگەی ئەمینداری گشتی سەرۆکوەزیران، نووسراو نێردراوە و پەیوەندی بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانەوە کراوە، داواکارییمان بریتی بووە لەوەی فەرمانێک بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم دەربکرێت بۆ دانپێدانانی هاوبەشی زانکۆکان یاخود گرتنەبەری پرەنسیپی بەرامبەرایەتی لە ئەگەری بەردەوامی دان پێدانەنانی زانکۆ و پەیمانگەکانی حکومەتی عیراق لەلایەن هەرێمەوە.
سێیەم: نووسراوێک ئامادەکرا بە واژۆی بەرێز وەزیری خوێندنی باڵا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری هەژمار نەکردنی بڕوانامەی ئەو زانکۆیانە و کارکردنمان پێکەوە بەجۆرێک کە لەگەڵ دەستوور و یاسادا بگونجێت، یاخود لە بەرامبەردا بڕیاری دان پێدانانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە هەڵدەوەشێنینەوە.
لە کۆتایی نووسراوەکەشدا دەڵێت: بەهۆی وەڵام نەدانەوەمان، بڕیارمان دا چی دیکە مامەڵە لەگەڵ زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستاندا نەکەین و بڕیاری دانپێدانانیان هەڵدەوەشێنینەوە.