شارەوانی سلێمانی: ناوی 50 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە بەڵام زەویمان نییە
  2025-02-21       259       

لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر ناوى بۆ وەرگرتنى زەوى گەڕاوەتەوە، بەڵام بۆ ئەو ژمارە زۆرەى فەرمانبەران زەوى پێویستمان لەبەردەست نییە.

ئاوێنە: لەیلا عومەر، لە لێدوانێكدا وتویەتی، ئێمە هەمو ئامادەسازییەكمان كردوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خێراتر بێت، بەڵام ئەم كارە پێویستی بە ستاف و پێویستی بە بودجە هەیە بۆ تەواوكردنی ئیفرازی زەوییەكان و هەروەها پێویستی بە هاوكاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان هەیە.

وتوشیەتی، هەریەكە لەو فەرمانگە پەیوەندیدارانە كە نوسراومان ئاڕاستە كردون لە ساڵی پارەوە، دەڵێن، فەرمانبەرمان نەماوە خانەنشین بون و دەوامی فەرمانبەر رێكوپێك نییە، ستافی پێویست و بودجەی پێویستمان نییە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆیە بەڕاستی حكومەت هەر ئەوە نییە كە بڕیارەكە دەربكات و بڵێت زەوی ئەدەم بە فەرمانبەران، پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ دەركردنی بڕیارەكەدا پێداویستییەكانیش دابین بكات، بۆئەوەی كە بڕیارەكە هاتە خوارەوە زۆر بە ئاسانی جێبەجێ بكرێت.

وتوشیەتی، ئێستا وەك ئەوەی ئاگادارین و بڵاوكراوەتەوە زیاتر لە 50 هەزار ناوی فەرمانبەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەركراوە كە سودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی، ئیمە ئێستا ئەم 50 هەزارە لەكوێ زەوییان بدەینێ.

ئاماژەی بەوەشداوە، شوێنی زەوییەكان تەنیا پێویستی بە بودجەو ستاف نییە بۆ ئیفرازكردن بەڵكو خزمەتگوزاریشی دەوێت، داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، ئەو زەوییانەی كە ئیفرازدەكرێن بەدەر لەوەی كە ستاف و بودجەی پێویستی دەوێت، لەگەڵ ئەوەش حكومەت دەبێت بیر لەوە بكاتەوە كە بودجەی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و  قیرو كۆنكرێتی كۆڵانەكان دابین بكات.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×