دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، پلانەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە سەرکەوتوە، بەڵام نایسەپێنێت و تەنها ڕاسپاردەیەكە، دەشڵێت، "سەرم سوڕمان كە میسر و ئوردن پلانەكەمیان ڕەتكردەوە، چونكە ساڵانە ملیارەها دۆلار دەدەین بەو دو ولاتە و هاوكاری لە ئەمریكا وەردەگرن".
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕادیۆی فۆكس نیوز ڕایگەیاند، پلانەکەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە بەڕاستی کاردەکات و سەرکەوتوە، بەڵام نایسەپێنێت و تەنها ڕاسپاردەیەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەری سوڕماوە كاتێك هەر یەكە لە میسر و ئوردن پلانەكەیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی كەرتی غەززە ڕەتكردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەردو وڵات هاوكاری لە ئەمریكا وەرەگرن و ساڵانە ملیارەها دۆلار دەدەنە ئەو دو وڵاتە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشكردوە، پلانەکەی بۆ غەززە حەماس ناگرێتەوە و ئامانجی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی تەواوەتی کەرتیەکەیە.
دەشڵێت، "حەماس نامێنێت، غەززە پەرەی پێدەدرێت، دواتر لە شوێنێکی پاک و خاوێن دەستپێدەکەینەوە".
ئەوەشی خستەڕو، "ڕەنگە خەڵکی غەززیان پێیان باشتر بێت لە ژینگەیەکی پێشکەوتو و سەقامگیردا بژین و ئەگەر بژاردەی دۆخی ئێستا یان ژیان لە کۆمەڵگەیەکی جواندایان پێبدرێت، پێموایە دەزانم کامیان هەڵدەبژێرن".