وەزیری دادی توركیا: ئۆجەلان بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رایگشتی هەبێت
  2025-02-20       677       

وەزیری دادی توركیا رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەگوێرەی یاسای وڵاتەكە بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رایگشتی هەبێت. دەشڵێت، ئەگەر راگەیەندراویشی هەبێت، بۆ دژایەتی پەكەكەو دانانی چەك دەبێت.

ئاوێنە: یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری و سەردانی وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە.

وەزیری دادی توركیارایگەیاند، ئامانج لە دەستپێشخەرییەكەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، هێنانەدی "توركیایەكی بێ تیرۆر" بوەو لەو پڕۆسەیەشدا دو جار وەفدی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵییان كردوەو تاوەكو ئێستا داواكاریی سێیەم بۆ سەردانی ئیمراڵی پێشكەش نەكراوە.

لەبارەی ئەو هەواڵانەشی كە باس لەوە دەكەن ئۆجەلان پەیامێكی ڤیدیۆیی لە ئیمراڵییەوە دەبێت، یڵماز تونچ وتی"لە یاسای ئێمەدا سزادراو بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رایگشتی هەبێت."

وەزیری دادی توركیا وتیشی، ئەگەر رێبەری پەكەكە، راگەیەندراوێكیشی هەبێت، ئەوا لەدژی پەكەكە دەبێت كە ئەو بە "رێكخراوی تیرۆریستی" ناوبردوەو وتوشیەتی، ئەگەر ئۆجەلان راگەیەندراوی هەبێت، راگەیەندراوەكە بۆ دانانی چەك دەبێت.

بەپێی قسەی وەزیری دادی توركیا، "هیچ پڕۆسەیەكی دانوستان لە ئارادا نییە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×