دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هێرشی توند دەكاتە سەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیاو بە "دیكتاتۆر" ناوی دەبات و دەشڵێت، فریا نەكەوێت یەك وڵاتی بەدەستەوە نامێنێتەوە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمشەو چوارشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"ئەكتەرێكی كۆمیدیانی سەركەوتوی وەك ڤۆلۆدیمیر زێلێنكسی، ئەمریكای رازی كرد كە 350 ملیار دۆلاری بۆ دابین بكات بۆ چونە نێو جەنگێك كە ناتوانێت بیباتەوە، جەنگێك كە بەهیچ شێوەیەك پێویست نەبو دەستپێبكات، بەڵام بەبێ ئەمریكاو ترەمپ، هەرگیز ناتوانێت ئەو جەنگە چارەسەر بكات."
وتوشیەتی"ئەمریكا 200 ملیار دۆلاری زیاتر لە ئەوروپا بۆ جەنگەكە خەرج كردوە، پارەكانی ئەوروپا گەرەنتی كراون، لەكاتێكدا ئەمریكا لەبەرامبەر پارەكانیدا هیچ شتێكی دەست ناكەوێت...لەكاتێكدا ئەو جەنگە بۆ ئەوروپا گرنگترە وەك بۆ ئێمە. وێڕای ئەوەش زێلێنسكی دان بەوەدا دەنێت كە نیوەی ئەو پارانەی بۆمان ناردوە، دیار نین."
بە قسەی ترەمپ "زێلێنسكی رەتیدەكاتەوە هەڵبژاردن ئەنجام بدات، لە راپرسییەكانی ئۆكرانیادا ئاستی جەماوەری ئەو زۆر دابەزیوە. تاكە شت كە زێلێنسكی باش بوە تێیدا یاریكردن بوە بە بایدن."
سەرۆكی ئەمریكا زێلێنسكی "دیكتاتۆری بێ هەڵبژاردن" ناوبردوەو وتویەتی"باشترە بۆی فریابكەوێت، ئەگەر نا هیچ وڵاتێكی بەدەستەوە نامێنێتەوە. لەكاتێكدا ئێمە لەگەڵ روسیا سەركەوتوانە خەریكی دانوستانین بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگەكە، ئەوەش شتێكە هەموان دانی پێدا دەنێن كە تەنیا ترەمپ و ئیدارەكەی ئەو كارەیان پێدەكرێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە بایدن بەهیچ شێوەیەك هەوڵی ئاشتی نەداو ئەوروپاش لە بەدیهێنانی ئاشتیدا شكستی هێنا.
لە كۆتاییشدا وتویەتی"من ئۆكرانیام خۆش دەوێت، بەڵام زێلێنسكی كارێكی زۆر خراپی كردوە، وڵاتەكەی بۆتە وێرانەو بەبێ ئەوەی پێویست بكات ملیۆنان كەس كوژراون و دۆخەكەش هەروا بەردەوامە."