مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: بەردەوامی بە بایكۆت دەدەین
  2025-02-15       493       

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جەخت دەكاتەوە كە بەردەوامی بە بایكۆت دەدەن و ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێن ئەوا "كۆتایی بە ئەمساڵی خوێندن دەهێنن و بەهیچ جۆرێك ئامادە نین دەوام بۆ دەسەڵاتێكی لە یاسادەرچو بكەن."

ئاوێنە: دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەمرۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، پێشتر رامانگەیاندبو كە سەردەمی دەوامكردنی بێ موچە كۆتایی هاتوە. بەڵام وا دیارە دەسەڵاتداران، دەیانەوێت وەك موچە دزراوەكانی ساڵانی پێشو، موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوش بدزرێت.

دەستەكە وتیشی"لەپێناو فێركردنی وانەی ئەرك و ماف بەو چەتە نەزان و فوتێكراوانەی هەرێم، بەردەوامی بایكۆتی دەوام رادەگەیەنین و دوا دەرفەت دەدەینە دەسەڵات بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 12 و دەربڕینی رەزامەندی بۆ تەوتینكردنی موچەكانمان لە هەر دو بانكی رەشید و رافیدەین، بەپێچەوانەوە كۆتایی بە ئەمساڵی خوێندن دەهێنین و بەهیچ جۆرێك ئامادە نین دەوام بۆ دەسەڵاتێكی لە یاسادەرچو بكەین."

جەختیشی كردەوە "هەروەكو چۆن حكومەتی هەرێم لە یاسا و دەستوری عێراقی یاخی بوەو رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی ناگرێت، ئێمەش رێز بۆ هیچ یاسا و رێساو رێنماییەكی ئەو دەسەڵاتە چەتەیە دانانێین. پێمان وایە دەبێت ئەو تایپە لە حوكمڕانی كۆتایی پێ بهێنرێت نەك رێزی لێ بگیرێت."

ئەوەشی خستەڕو"بە یەكدەنگ دوپاتی دەكەینەوە هەژماری منداڵە روڕەش و رەزاقورسەكانی ئەو بنەماڵە خێڵەكییەمان ناوێت، قبوڵی ناكەین موچەكانمان لەژێر دەست و فەرمانی زەڕنەقوتەكانی دەسەڵاتی خێڵەكی و نەزاندا بێت."

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وتیشی"هۆشداریش دەدەینە هەر كەس و لایەنێكی حكومی و حزبی كە هەڕەشە لە مامۆستایان بكات و فشاریان لێ بكات بۆ دەوام كردن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×