بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ بابەتی گرنگ كۆ ببێتەوە، بەشێكی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی شوبات، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی مەسروور بارزانی كۆدەبێتەوە.
كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەم سێ بڕگەیەی خوارەوە پێكهاتووە:
- خستنەڕووی وردەكاریی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی لە لووتكەی جیھانیی حكوومەتەكان لە دوبەی، بابەتی نوێكردنەوەی یاداشتی لەیەكترگەیشتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمارات و ڕاسپاردنی وەزارەتەكان بۆ كاروباری پێویست لەبارەی ناوەڕۆكەكەی.
- خستنەڕووی ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، تایبەت بە یەكخستنی ڕێكارەكانی كوالێتی كۆنترۆڵ و پۆلینكردنی بەڵێندەران كە یەكێك بووە لە ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری هەولێر و بەغدا.
- خستنەڕووی دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، تایبەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.