ئا: محەمەد هاوژین
بەشێکی زۆری گەنجانی هەرێمی کوردستان بەدەست کێشەی بێکارییەوە دەناڵێنن، گەنجێک دەڵێت "خەمی گەورەی ئەم رۆژگارەم ئەوەیە ئیشێکی بەردەوامم دەستکەوێت".
سەهەند ئومێد، گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵەو ئاماژە بەوە دەکات وەک زۆرێک لەگەنجان نەبوونی داهاتو بێ پارەیی یەکێکە لەکێشەو خەمە بەردەوامەکانی ژیانی، ئەو وتی "زۆربەی کات بێ پولو پارەم، چەند ئەگەڕێم ئیشێکم دەستناکەوێ، تەنانەت بەپارەیەکی کەمیش ئامادەم ئیش بکەم، چەند مانگێک کاری سیکۆرێتیم دەکرد مانگی بە ٤٠٠ هەزار دینار لە٤ی ئێوارەوە تا ١٢ی شەو، کە لای من جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کۆیلایەتی نەبوو، زۆر قورسو ناخۆش بوو، بەڵام خاوەنکارەکە پێویستی پێم نەما، وتی بڕۆ".
سەهەند کە کابۆیەکی شینو قەمسەڵەیەکی رەشی لەبەردایە، زوو زوو خۆی بەراورد دەکات بەکوڕی دەوڵەمەندو بەرپرسەکانو ئاماژە بەوە دەکات کە "کوڕی دەوڵەمەندو بەرپرسەکان بەئارەزووی خۆیان یاری بەپارە دەکەنو بۆ هیچ شتێک دانامێنن، بێدڵی خۆیان ناکەنو هەموو شەوو رۆژیکیان کەیفو سەفایە، کەچی منیش بەم رۆژگارە بێ پولو پارە دێمو دەڕۆم، زۆر جار لەناو بازاڕەوە بەپێ دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە لەکانی کوردە، لەبەرئەوەی پارەی پاس نەدەم".
سەهەند، یەکێکە لەهەزاران گەنجی کوردستان کە بەهۆی بێکارییەوە ژیانیان پڕە لەدڵەڕاوکێ، پرسی بێکاری گەنجان یەکێکە لەپرسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن.
محەمەد ئەحمەدی تەمەن ٢٤ ساڵ،کە ساڵی رابردوو خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە، ئاماژە بەوە دەکات هیچ کاتێک کوردستان وەک ئێستا پڕ لەسەروەتو سامان نەبووە، بەڵام لەبەرامبەریشدا هیچ کاتێک وەک ئێستا کوردستان پڕ لەنادادپەروەری کۆمەڵایەتیو نایەکسانی نەبووە، ئەو وتی "سامانی ئەم وڵاتە ئەوەندە زۆرە کە بەشی هەموو شتێک دەکات، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکراوە، خەڵکێکی کەم هەن زۆر دەوڵەمەندو داهاتیان زۆر زۆرە، زۆربەی خەڵکیش پارەو پولیان پێنییە".
وتیشی "ئاخر گەنجێک کە پارەی دابینکردنی سادەترین پێویستی ژیانی پێنەبێت، دەبێت چ دڵێکی بەم وڵاتە خۆش بێو چ ئومێدێکی بەژیانو ئایندەی خۆی هەبێت؟!".
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان (CNO)رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی هەرێمدا لەساڵی ٢٠٢٣دا ١٥٪یە، بەڵام شارەزایانی ئابوری پێیانوایە رێژەی بێکاری زۆر لەوە بەرزترە.
ئەردەڵان محەمەد، خوێندکاری ماستەرە لەبواری زانستی ئابوریو ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لەکێشە سەرەکیەکانی کوردستان نەبوونی ئاماری راستو دروستە دەربارەی هەموو سێکتەرە ئابوریو چالاکییە بازرگانیەکانو هەمووی ئەوەی بڵاودەکرێتەوە گوزارشت لەواقیعی دیاردەو پرسەکان ناکات بەو شێوەیەی هەیە، بەتایبەتی بێکاریی کە بەرزترین رێژەی بێکاریی بەپێی گروپی تەمەن لەنێو گەنجاندایە، ئەو بەئاوێنەی وت "گەنجان هێزێکی گرنگن بۆ گەشەی ئابووریو سەقامگیریی، بۆیە پێویستە پشکی ئەوان لەبازاڕی کارو کەرتی گشتیو تایبەتدا لەگروپە تەمەنییەکانی دیکە زیاتر بێتو کەشێکی گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت، کە یارمەتیدەر بێت لەپێشخستنی وڵاتو دروستکردنی هاوڵاتیانی چالاک لەڕووی ئابورییەوە".
وتیشی "ڕێژەی بەرزی گەنجانی بێکار کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی ئابوری وڵاتو لەسەر کوالیتی ژیانی گەنجان دەبێت، بۆیە چارەسەرکردنی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دۆخی ئابوری وڵاتو خۆشگوزەرانی خەڵک دەبێت".
ئەم پسپۆڕی ئابورییە ئەوە رووندەکاتەوە کە دابینکردنی هەلی کار لەکەرتی تایبەتو دەرفەتی دامەزراندنی گەنجان لەکەرتی گشتی یەکێکە لەگەورەترین ئاستەنگە ئابورییەکان لەکوردستان، ئەو وتی "هەلی کاری سنووردار، کەمی مووچەو بارودۆخی نادادپەروەرانەی کارکردن پاڵ بەچالاکترین توێژی دانیشتوانی کوردستانەوە دەنێت بۆ ئەوەی بەدوای سەرچاوەیەکی بژێوی ژیاندا بگەڕێن لەدەرەوەی وڵاتو کۆچ بکەن".
بهپێی چهند ئامارێك كه لەوەزارەتی خوێندنی باڵاوە دراوەتە ئاوێنە، ئێستا لەهەرێمى کوردستاندا ٢٠ زانکۆى حکومى هەیە، هەروەها ١٧ زانکۆو ١٢ پەیمانگا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لەشارەکانى کوردستان کراونەتەوەو ساڵانە ٣٠ بۆ ٣٥ هەزار خوێندکار لەزانکۆو پەیمانگاکان دەردەچنو زۆربەیان هەلی کاریان دەستناکەوێت.
رەوا رەحیم، کە پیشەی بازرگانو لەبواری کەرتی تایبەتدا چالاکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمە پشتگیریی لەدروستکردنی کۆمەڵەی گەنجانی خاوەنکار بکەنو خەمی یەکەمیان دابینکردنی هەلی کار بێت بۆ گەنجان، ئەو وتی "پێویستە ستراتیژییەک دابڕێژرێت کە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی هەبێت، بەتایبەتی گەنجانی دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان، زۆر گرنگە لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندی نێوان بازاڕی کارو پەروەردە رێکبخرێتەوە، بۆ ئەوەی زانکۆ لەگەڵ خواستو پێویستییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێتو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بەکاری فرەلایەنە".
ئەم بازرگانە ئاماژە بەوە دەکات کە هاوکات لەگەڵ پەروەردەی گونجاو، گرنگە راهێنانی پیشەییو ئەزموونی کارکردنی پراکتیکیو پەروەردەی پیشەیی بۆ گەنجان دابین بکرێتو گەشە بەتواناکانیان بدرێت، بەسەرنجدان لەوەی نەبوونی زانیاریو لێهاتوویی پەیوەندیدار بەپێداویستییەکانی بازاڕی کار گرنگترین ئەو بەربەستانەیە کە گەنجانی کوردستان لەکاتی گەڕان بەدوای کاردا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەو وتی "گەنجانو خێزانەکانیان وەبەرهێنان لەخوێندندا دەکەنو جاری وایە پارەیەکی زۆریش خەرج دەکەن، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبنەوە لەڕووی دامەزراندنو هەلی کارەوە، لەوانە کەمی خواست لەسەر ئەو پسپۆڕییەی خوێندویانە لەبازاڕی کاردا، ئەمەش وا دەکات ئەو پارەو کاتەی کە بۆ خوێندنیان تەرخان کردووە، بێ ئەنجامی بێت".
پسپۆرانی بواری دەرونیش دووپاتی دەکەنەوە کە ئەگەربێتوو چارەسەری کێشەی بێکاری گەنجان نەکرێت، ئەوا ئایندەی هەرێم روبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە.
گەشە جەمال، توێژەری دەرونی ئاماژە بەوە دەکات کە بێکارییو هەژاریی لەهەموو کاتو لەهەموو شوێنێکی جیهاندا، رووداوی نەخوازراوی بەدواوە دەبێتو زەمینە بۆ توندڕەوییو بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرو توندوتیژیو کۆچکردن بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕەخسێنێت، ئەو وتی "بێکارییو قەیرانی دارایی، کێشەکانی پەروەردەو دامەزراندن، لەگەڵ کێشەی نیشتەجێبوون، ڕێگرن لەبەردەم سەربەخۆیی گەنجانو گەشەدان بەتواناکانیان بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیانو بۆ ئەوەی بەشدارییەکی تەواو لەژیانی کۆمەڵایەتیدا بکەنو خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان بن بەکوڕو کچەوە، چونکە زۆربەی گەنجان بۆ بەڕێوەچوونی ژیانیان پشت بەهاوکاری دایکو باوکیان دەبەستن".
وتیشی "زۆربەی کۆمەڵگەی کوردی گەنجن، زۆرترین ڕێژەی بێکاریش لەنێو گەنجاندایە، ڕێژەی هەژاریش لەنێو گەنجاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزە، ئەمەش وایکردووە ڕێژەی ئالوودەبوون بەماددەی هۆشبەرو کحولو ئەمجامدانی تاوانو توندوتیژیی لەناویاندا بەرز بێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.