وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغدا رێككەوتون موچەی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ گرفت خەرج بكرێت و دەشڵێت، لە دو رۆژی داهاتودا دابەشكردنی موچەی مانگی یەك دەستپێدەكات.
ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە ئەوەتان پێڕادەگەیەنین كە دەرئەنجامی دانوستانێكی دورودرێژ لەگەڵ بەغدا بە خێر شكایەوەو توانیمان رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بكەین لەسەر كێشەی موچەخۆرانی هەرێم و بگەینە دەرئەنجامێك كە بۆ ساڵی 2025 بەبێ گرفت موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت."
وتیشی"توانیمان بەو ئەنجامە بگەین كە ئێستا بە هەمو لایەكی رابگەیەنین كە بۆ ساڵی 2025 كێشەی موچەخۆران تەواو بو."
ئاوات شێخ جەناب ئەوەشی خستەڕو"بۆ موچەی مانگی یەك لە سبەی و دوسبەیەوە بەرنامەی دابەشكردنی موچە دەست پێدەكات."
ئاماژەی بەوەشدا، "ئومێدمان وایە كە ئەمە دواجار بێت كە موچەی موچەخۆران پێویستی بە هەواڵ بێت."
وتیشی، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە كە 10 بۆ 12 ساڵە ئەم موعاناتەیان هەیە، ئەتوانم ئەوەتان پێ رابگەیەنم كە بەخۆشحاڵییەوە بەو رێككەوتنەی كە ئەمڕۆ كراوە ئەو موعاناتە كۆتایی هات.