دەروازەى سنووری کێلێی سەر بە قەڵادزێی سنووری پارێزگای سلێمانی، کە ھەردوو سنووری ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە بەهۆی بارینى بەفرێکی زۆرەوە داخرا، هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەرگەڕان و چەند ئۆتۆمبێلێکیش گیریان خواردووە.
ئاوێنە: بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ ڕێگای مەرزی کێلێی سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێ داخراو جوڵەی بازرگانی تێدا ڕاگیرا.
بەهۆی زۆری بەفربارین ئاستەنگی ڕێگای هاتوچۆ بۆ شوفێران درووستبووە و بەم هۆیەوە دوو بارهەڵگر وەرگەڕاوە و چەند ئۆتۆمبێلێکی تری بارهەڵگر لە نزیک مەرزەکە گیریان خواردووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و شۆفێرێکی مەرزەکەش داوا لە شۆفێران دەکات نەچنە مەرزەکە لەبەر سەلامەتی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان.
هاوکاتی ئەوە، هەر بە هۆی بارینی بەفرەوە ڕێگەى زینى وەرتێ، کە هەر دوو ئیدارەى سۆران و ئیدارەی ڕاپەڕین بە یەکەوە دەبەستێتەوە، داخراوە و لە ئێستادا هیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت تێیدا هاتوچۆ بكات.