دوای 454 رۆژ لە دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و سزادانی بە سێ ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای دهۆك و رەتكردنەوەی سزاكەی لەلایەن دادگای پێداچونەوە، رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد ئازادكراو گەڕایەوە رۆژئاوای كوردستان.
ئاوێنە: سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنوس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، ڕۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2023 پاش ئەوەی بە مەبەستی بەشداریکردنی لە پرسەی باوکی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبو، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشوری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە دەستگیركرا.
ئەو رۆژنامەنوسە دوای دیارنەبونی چارەنوسی بۆ ماوەی 211 رۆژ، ڕێگە بە پارێزەرانی درا چاویان پێی بکەوێت و بە تەلەفۆن لەگەڵ خانەوادەکەیدا قسە بکات.
پاشان لە 29 تەمموزی ساڵی رابردودا بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەلایەن دادگای دهۆكەوە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
دواتر لە 6ی ئەم مانگە دادگای پێداچونەوەی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە ھەڵوەشاندەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی سەر سلێمان ئەحمەد و دەستبەجێ ئازادکردنی.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆژ نیوز، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دوای ئازادبونی کە ماوەی 454 ڕۆژ بەبێ تاوانی دەستبەسەرکرابو، گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان.
ب. جـ