وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، بارودۆخێكی نێودەوڵەتی بۆ كورد سازاوە و دەبێت سوودی لێوەربگیرێت و دەشڵێت، ئەمڕۆ بەهێزین و بە پێكهێنانی حكومەتیش بەهێزتر دەبین.
ئاوێنە: سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، راستە بارودۆخێك بۆ كورد لە رووی نێودەوڵەتییەوە هاتووەتە پێشەوە و ئەو كۆبوونەوانەی ئێستا لە بارەیانەوە دەكرێن هەواڵی دڵخۆشكەرن، بەڵام دەبێت خۆشمان یارمەتی خۆمان بدەین.
وتیشی، “دەبێت ئەو راستییەش بزانین كە وڵاتانی نێودەوڵەتی هەتا سەر پشتگیری لە كورد ناكەن، چونكە ئەوان نوێنەری وڵاتانی خۆیانن و ئەوەی نوێنەری راستەقینەی كوردە، خودی كورد خۆیەتی”.
لەبارەی پێكهێنانی حكومەتیشەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەی خستەڕوو، “لەئێستادا كورد بەهێزە و هەرێم كوردستان زۆر بەهێزە بەراورد بەوەی كە باسدەكرێت و بە پێكهێنانی حكومەتیش بەهێزتر دەبین، خەڵكیش چاوەڕوانە و دەبێت بەخێرایی حكومەتیش پێكبهێنین و بۆ ئەوەی بەهێزتر ببین و بارودۆخەكەی ئێستاش هێندە ئەستەم نییە كە حزبەكانی هەرێمی كوردستان نەتوانن تێیپەڕێنن”.