فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم گفتوگۆی کردوە و بەڵێنیان پێیداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و قسە لەبارەی کارکردن لە کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسان بکەن.
ئاوێنە: فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لەندەنەوە بە میدیای پارتی راگەیاند، لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم قسەم کردوە و بەڵێنیان داوە کە دێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسان باسی کارکردن لە کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەوەشی خستەڕو، لە کۆبونەوەکان لە لەندەن، باسی پەنابەران نەکراوە، تەنیا باسی ئەوانە کراوە کە هیچ وەڵامێکیان نییە و مافی مانەوەیان پێ نەدراوە، لەگەڵ ئەو عێراقیانەی تاوانبارن و لە زیندانن، دوای تەواوبونی ماوەی زیندانەکەیان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لەبارەی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: پێش ئەوەی ئێمە بگەینە بەغدا بۆ گەیاندنی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی میدیاوە پەیامەکە گەیشت.
هەروەها لەبارەی پرسی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق، فواد حسێن وتی: کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا خراوەتەڕو لەگەڵ ئەوەی دیراسەی دەوێت، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێک لەو بارەوە نەدراوە.
فواد حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆنە و پێویستە قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر بکرێت، ڕێگەیەکی دیکەش نییە جگەلەوەی چارەسەر بکرێت.
وتیشی: ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەدا هەیە، ئەگەر پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەشێوەیەکی کاتی چارەسەر دەبێت، چونکە دەبێت پرسی نەوت بە یاسایەکی تازەی نەوت چارەسەر بکرێت.