بارەگای بارزانی رایگەیاند، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا جەختیان كردۆتەوە كە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سوریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سوریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن.
ئاوێنە: بارەگای بارزانی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی کانونی دوەمی 2025 لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سوریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سوریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.
بارەگای بارزانی وتوشیەتی، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەوە کرایەوە کە "پێویستە لایەنە کوردیەکانی سوریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سوریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دوبارەبونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتونە."