مارکۆ رۆبیۆ، بەربژێری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، پێویستە لە چوارچێوەی شەڕ دژی داعشدا پشتگیریی ئەمریکا بۆ هەسەدە بەردەوامبێت و وتی، "دەبێت ئەردۆغان ئاگادار بکرێتەوە کە چیدی رێککەوتنەکان پێشێل نەکات."
ئاوێنه: مارکۆ رۆبیۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرد و وەڵامی پرسیاری سیناتۆرەکانی، لەبارەی پرسە گرنگەکانی ئەمریکا و جیهان دایەوە.
رۆبیۆ لە وەڵامی پرسیارێکی کریس ڤان هۆلەن، سیناتۆری دیموکراتەکاندا، لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لە بەرامبەر سووریا و هەسەدە رایگەیاند، ئەو لەو بڕوایەدایە بەجێهێشتنی هاوبەشەکانیان لە سووریا کە لە شەڕی دژی داعشدا فیداکاریی زۆریان کرد و چەکدارانی داعش لە زیندانەکانیاندا دەپارێزن، دەتوانێت ئەنجامی زۆر خراپ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.
مارکۆ رۆبیۆ کە پاش 20ـی ئەم مانگە رەنگە لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا دەستبەکار بێت، ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، لەبارەی کوردەکانەوە لەئێستادا ئاگربەستێکی لاواز هەیە و گرنگە ئەو ئاگربەستە بەردەوامبێت، دەرفەتێکی باشیش بۆ سووریا هاتووەتە پێش، رۆبیۆ گوتی، بەڵام ئاستەنگی و رێگریی زۆریش هەیە کە یەکێک لەو بەربەستانە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە.
رۆبیۆ دەشڵێت، پێویستە ئەردۆغان ئاگادار بکرێتەوە کە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنەکان بەکارنەهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەردۆغان و حکومەتەکەی چاوەڕێی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەمریکان و دۆناڵد ترەمپیش بە دۆستێکی نزیکی خۆیان دەزانن و دەیانەوێت لە رێگەی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ترەمپدا دۆسیەی هەسەدە یەکلاییبکەنەوە.