ژمارەیەک لە پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایانگەیاند، داوا لە ئێران دەکەن کۆتایی بە چەوساندنەوەی چالاکوانانی ژن بهێنن، دەشڵێن، دۆسییەی پەخشان عەزیزی ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی چەوساندنەوە و ئامانجی هەمیشەیی حکومەتە بۆ بێدەنگکردنی ژنان.
ئاوێنە: ژمارەیەک لە پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پەسەند کردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێننەوە، لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجە و بێبەشکردنی لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بکەن و کۆتایی بە چەوساندنەوە و بە ئامانجگرتنی چالاکوانانی ژن بهێنن.
ئاماژە بەوەشکراوە، پەخشان عەزیزی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە دیداری بنەماڵە و پارێزەر بێبەش کراوە، هەروەها بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، چەندین ئەندامی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراون.
دەشڵێن، دۆسییەی پەخشان عەزیزی ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی چەوساندنەوە و ئامانجی هەمیشەیی حکومەتە بۆ سزادان و بێدەنگکردنی ژنان.
هەروەها ناوی ئەو کەسانەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە بریتین لە، مای ساتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، مووریس تیدباڵ بینز، نوێنەری تایبەت بۆ لەسێدارەدانی سەروویاسایی، ڕیم ئەسالم، نوێنەری تایبەت بۆ توندوتیژیی دژ بە ژنان، نیکۆلاس لۆرڤا، نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری کەمینەکان، جینا ڕۆمێرۆ، نوێنەری تایبەت بۆ مافی ئازادیی گردبوونەوەی هێمنانە و ڕێکخراوەکان، ئەیرین خان، نوێنەری تایبەت بۆ ئازادیی باوەڕ و ڕادەربڕین و لۆرا نییەرینکێنێدی، کلۆدیا فلۆرێس، دوروتی سترادا تانک، ئیڤانا کریستیچ و هینا لۆ، ئەندامانی کۆمیتەی هەڵاواردنی دژ بە ژنان.