محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقس سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە 2025ـدا لەسەر پلان و پرۆژە ستراتیجییەکانیان بەردەوام دەبن و دەیکەنە ساڵی بەردەوامبوونی دەستکەوتەکان.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی کردووە و هیوای خواستوە پڕبێت لە ئومێد و ئیرادە بۆ خزمەتکردنی گەلی عێراق.
ئاوێنە: سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 2024 ئەوپەڕی توانایان بۆ بە دیهێنانی خواستی گەلەکەیان و دامەزراندنی گەشەپێدانی ئابووری بەڕێکرد و لە ساڵی نوێشدا لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام دەبن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لە ساڵی نوێدا رژد دەبن لەسەر تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی پتەو، دەشڵێت، هیچ دەرفەتێک بۆ خزمەتکردنی عێراقییەکان لەدەستنادەن ئەوەش لە رێگەی بونیادنانی دەوڵەت و ئەنجامدانی چاکسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی هەلیکار.
سودانی لە پەیامەکەیدا هیواشی خواستووە، ئارامی و ئاسایشی عێراق بەردەوام بێت.